رووداو دیجیتاڵ
لە شەوی دووشەممەوە کاتێک ناوی هەنار تەها دێت، چیرۆکی سەرکەوتن و کۆڵنەدانی قوتابییەکی 12ـی ئامادەیی بەدوادا دێت کە لە ژوورێکی سادە و ساکاردا و بە شەونخوونی توانی ببێتە یەکەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە بەشی وێژەیی.
هەنار باوکی خۆی نەبینیوە، دەڵێت: کاتێک هەواڵی ئەوەی پێگەیشتووە کە یەکەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان بووە، لەگەڵ دایک و خوشک و براکانیدا لە خۆشیدا باوەشیان بە یەکدا کردووە و گریاون.
دایکی هەنار وەکو هاوکاریی کچەکەی و بەپێی توانای خۆی، ژوورێکی لە سەربانی خانووەکەیان بۆ کچەکەی ئامادەکردووە بۆ خوێندن، ئەو ژوورە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، دیوارەکانی بلۆکن و هیچ رووپۆشێکی دیکەیان نییە، سەقفەکەیشی لە چینکۆیە. هەنار دەڵێت، کاتێک باران دەبوو دەنگی بارانەکە کە دەیدایە سەر چینکۆکەدا بێزاری دەکرد و توانای خوێندنی نەدەما، بە هەمان شێوەش گەرما زوو دەگەیشتە ژوورەکەی و بێزاری دەکرد، بەڵام ئەو ئامانجەکەی گەورەتر بووە و کۆڵی نەداوە.

هەنار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەم سەرکەوتنەی دەیەوێت لە بەشی یاسا بخوێنێت و ببێتە پارێزەر تاوەکو خزمەتی وڵاتەکەی خۆی بکات.
ئەو قوتابییە لەبارەی کاتی خوێندن و کۆششکردنی دەڵێت، شەوی وا هەبووە چوار کاژێر خەوتووە و بەردەوام خەریکی هەوڵدان بووە، هەندێک جاریش تەنیا بۆ نان خواردن و نوێژکردن لە ژوورەکەی چووەتە دەرەوە.

هەنار پێی وایە، پاڵپشتی و هاندانی خێزان بۆ قوتابی و خوێندکاران زۆر گرنگە، دەڵێت، "دایکم هاندەری سەرەکیم بوو، هەمیشە ئامانجی یەکەمبوونی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانی دەهێنایە بەرچاوم."
هەنار ئامانجەکانی گەورەترن، دەیەوێت بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش لە بواری یاسادا بەدەستبهێنێت لە بواری پارێزەرایەتیدا خزمەت بکات، کە ئەوە خەونێکی منداڵیەتی.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ