رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە شێوەیەکی "شەفاف" تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا بەڕێوەچووە و لە ئایندەیەکی "نزیک"دا دەرگای پێشکێشکردنی داواکاری بۆ خوێندنی باڵا دەکەنەوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا - دیبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرای پەسند کرد و لە ماڵپەڕەکەی بڵاویکردەوە.
لەوبارەیەوە سەرتیپ خالس، بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پڕۆسەکە بەشێوەیەکی دادپەروەر و شەفاف بەڕێوەچوو؛ چەندین لیژنەمان پێکهێنا بۆ وردبینی لە کۆلێژ و زانکۆکان؛ لە وەزارەتی خوێندنی باڵا وردبینی لە داتای خاڵبەندی کراوە و میکانیزمی جیاوازمان گرتووەتەبەر بۆئەوەی شەفافییەت و یەکسانی هەبێت."
15 هەزار و 728 کەس تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵایان ئەنجامدا. بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا دەڵێت، تاوەکو ئێستا داتاکانیان کۆنەکردووەتەوە و نازانن چەند کەس توانیویانە لە تاقیکردنەوەکاندا سەرکەوتوو بن. گوتیشی، ئەوانەی لە تاقیکردنەوەکان سەرکەوتوو نەبوون، دەتوانن لە ماوەی پێنج رۆژی داهاتوودا تانە لە ئەنجامەکان بدەن.
سەرتیپ خالس گوتیشی، بە بڕیاری وەزارەتەکەیان، لە ماوەیەکی "نزیک"دا دەرگای پێشکێشکردنی داواکاری بۆ خوێندنی باڵا بۆ خوازیاران دەکەنەوە.
رۆژی 12ی حوزەیران تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا بۆ دیبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا بەڕێوەچوو، کە 15 هەزار و 728 کەس داواکارییان پێشکێش کردبوو و تاقیکردنەوەکەیان کرد. 11382یان بۆ ماستەر و 2692یان بۆ دکتۆرا، 177یان بۆ دیبلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی و 1477یان بۆ دیبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی.
ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 7000 کورسیی راگەیاند کە پێکدێن لە 2308 کورسیی دیبلۆمی باڵای یەک ساڵە، 160 دیبلۆمی باڵا دوو ساڵەی پزیشکی، بۆ خوێندنی ماستەر 3312 کورسی و بۆ خوێندنی دکتۆرا 1834 کورسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ