وەزارەتی دارایی بۆ ئەوانەی قەرزی پێشینەیان لەلایە: لێخۆشبوون لە هیچ بڕێکی قەرزەکە نییە

04-07-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی روونکردنەوەیەکی لەبارەی پێشینەی قەرزی هاوسەرگیری، خانووبەرە و نیشتەجێبوون بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەو کەسانەی قەرزیان لەلایە، "کەفیلەکانیان لەبری ئەوەی کۆی مووچەکەیان رابگیرێت، لەمەودوا تەنیا یەک لەسەر پێنجی مووچەکەی مانگانە دەبڕدرێت."

سەبارەت بە رێنوێنیی دارایی ژمارە 9ی ساڵی 2023 تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی (هاوسەرگیری، نیشتەجێبوون، خانووبەرە) لە دەستەبەر (کەفیل)، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی دەڵێت، "پێدانی قەرز و بەدەستهێنانەوەی بەپێی یاسای عێراقی ئەنجامدراوە و لە ساڵانی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی رەچاوی قەیرانی دارایی کردووە و ئاسانکاریی زۆری پێشکێش کردووە بۆ چۆنێتیی گەڕاندنەوەی قەرزەکان."

لە روونکردنەوەکەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی وەزارەتی داراییدا ئەوە خراوەتەڕوو، "چەند جارێک بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لێخۆشبونی تەواو کراوە لە هەموو (سزا) کەڵەکەبووەکان و داشکاندنی 15% بۆ کۆی گشتیی قەرزەکان."

وەکو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە پسپۆڕییەکان ئاماژەی بۆ کردووە، ئەو رێنوێنییە (رێنوێنیی ژمارە 9) لە بنەڕەتدا بۆ کارئاسانیی خاوەن قەرز و کەفیلەکان دەرچووە و "لەبری ئەوەی کۆی مووچەی کەفیلەکە رابگیرێت، لەمەودوا تەنها 1/5 (یەک لەسەر پێنجی) مووچەکەی مانگانە دەبڕدرێت، ئەگەر قەرزدار ئامادە نەبوو لە ماوەی دوو مانگدا قەرزە کەڵەکەبووەکانی بگەڕێنێتەوە، ئەو لێبڕینەش بە یاسا و بڕیاری دادگە رێکخراوە، تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە فەرمانبەرن و بوونەتە کەفیلی هاووڵاتی، تەنها بۆ سێ جۆر قەرزە کە ئەوانیش بریتین لە قەرزی (خانووبەرە، نیشتەجێبوون، هاوسەرگیری)."
    
بەپێی رێنوێنییەکە، خاوەن قەرز ناچار نەکراوە لە ماوەی دوو مانگەکە هەموو قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، "ئەگەر هەرکەس نەیتوانی لەو ماوەیەدا قەرزەکە بداتەوە، دەتوانێت لەگەڵ کەفیلەکەی رێکبکەوێت و مانگانە ئەو بڕە پارەیە بداتە کەفیلەکە کە لە مووچەکەی دەبڕدرێت."

بەپێی روونکردنەوەکە، "هیچ گۆڕانکارییەکی جیاواز و بنەڕەتی لە شێوازی وەرگرتنەوەی قەرزەکان نەکراوە" و ئاماژە بەوەش کراوە، کەسی کەفیلیش بە ویستی خۆی ئەو پابەندێتییەی خستووەتە ئەستۆی خۆی، "بەپێی یاساش وەزارەتی دارایی و بانکە پسپۆڕیەکان دەسەڵاتی لێخۆشبوونیان لە هیچ بڕێکی قەرزەکە نییە."
 
دوێنێ دووشەممە، شیرین حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكه‌ پسپۆڕییه‌كان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو دوو مانگەی کە پێویستە تێیدا هاونیشتمانییان قەرزی پێشینەکانیان بگەڕێننەوە لە 19ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 19ی مانگی ئاب دەبێت؛ دوای ئەو کاتە، هەرکەس قەرزەکە نەگەڕێنێتەوە، لە مووچەی کەفیلەکەی دەبڕدرێت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکان، بانکەکان 4.024 تریلیۆن دیناریان لە رێگەی پێشینەکانەوە بە قەرز داوەتە هاونیشتمانییان، بەڵام 1.9 تریلیۆن دینار لەو پارەیە گەڕێندراوەتەوە بۆ بانکەکان و 2.054 تریلیۆن دینار لای هاونیشتمانییان ماوە.
 
له‌ هه‌رێمی كوردستان 28 بانكی پسپۆڕی هه‌یه‌ كه‌ پێشینه‌یان بە هاونیشتمانییان داوە کە بریتین له‌ بانكی خانووبه‌ره‌، پیشه‌سازی، قەرزی بچووک و كشتوكاڵ و نیشته‌جێكردن.
 
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان 15% داشکاندنی بۆ ئەو کەسانە کردبوو کە قەرزی پێشینەیان پێکەوە دەگەڕاندەوە؛ هاوکات لە 10% سزای دواکەوتنی گەڕاندنەوەی قەرزەکانیان خۆش دەبوو، بەڵام شیرین حوسێن دەڵێت، "ئێستا ئەو داشکاندنە نەماوە؛ ئەو کەسانەش کە بەسەر کاتی گەڕاندنەوەی قەرزەکەیان تێپەڕیوە، دەبێت سزای 10% بدەن کە بە مانای ئەوە دێت لەگەڵ هەر دواکەوتنێک 10% زیاتر دەچێتە سەر قەرزەکەیان."
 
وەزارەتی دارایی بۆ لێخۆشبوونی 15% و نەهێشتنی سزای دواکەوتن نووسراویان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.