رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو 22 و 23ی مانگی رابردوو، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆنگرەی پێنجەم ببەستێت. ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای ئەو حیزبە بە رووداوی راگەیاند، "لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا کۆنگرە دەبەسترێت."
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 04-07-2025 بە رووداوی راگەیاند، "دواخستنی کاتی کۆنگرەکە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی جەنگی ئیسرائیل و ئێران بوو. ئەگەر رێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تەواو بن، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا کۆنگرە دەبەستین."
هاوکات بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەم کۆنگرەیە جیاواز دەبێت و تێیدا تاوتوێی هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردنی حیزبدا دەکرێت."
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری ئەو حیزبە دەشڵێت، "لە کۆنگرەکەدا پرۆسەی گۆڕانکاری لە پەیڕەوی نێوخۆی حیزب و ژمارەی ئۆرگانەکاندا دەخرێتە بەرباس، هەروەها ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و سەرۆکیش هەڵدەبژێردرێن."
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە ئایاری 2001 دامەزراوە و تاوەکو ئێستا چوار کۆنگرەی کردووە.
دوایین کۆنگرەی حیزبەکە لە شوباتی 2021 بوو. لەو کۆنگرەیەدا ناوی حیزبەکە لە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانەوە گۆڕدرا بۆ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان؛ هەروەها پۆستی کەسی یەکەمی حیزبەکەش لە ئەمیرەوە گۆڕدرا بۆ سەرۆک.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق نوێنەرێکی هەیە؛ لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش کە لە ئۆکتۆبەری 2024 کرا، سێ کورسی بەدەستهێنا، بەڵام بڕیاری دا نوێنەرەکانی نەنێرێتە پەرلەمان بە پاساوی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەدا "ساختەکاری" کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ