موەلیدە ئەهلییەکان بۆ ئەمپێرێک هەزار دیناریان پێدەدرێت؛ سلێمانی رەتیدەکاتەوە

04-07-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ فراوانبوونی پڕۆژەی رووناکیدا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، موەلیدەی زیاتر لە هەرێمی کوردستان دەکوژێندرێنەوە، پڕۆژەکە نایەوێت جارێ موەلیدەکان لاببرێن، بەڵام خاوەن موەلیدەکانیش مەرجیان هەیە، بەتایبەت لە سلێمانی.
 
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 29ـی مانگی رابردووەوە 198 موەلیدەیان پێ کوژاندووینەتەوە و دەشڵێن دەبێت بمێنن و لەکاتی نەبوونی کارەبادا کاریان پێبکەن".
 
پێشتریش لە سلێمانی بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە 72 موەلیدەی دیکە کوژێندراونەتەوە و بەگشتی گەیشتوونەتە 250 موەلیدە.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەڵێت: "پڕۆژەی رووناکی گرێبەستێکی 14 خاڵی بۆ خاوەن موەلیدەکان ئامادەکردووە، کە گوایە 6 مانگ بمێنینەوە لەکاتی بڕانی کارەبادا کارەبا دابینبکەین، ئێمەش رەتیدەکەینەوە".
 
لەبارەی داواکارییەکانیانەوە عوسمان محەممەد دەڵێت: "یان داواکانمان جێبەجێ بکەن یان موەلیدەکان یەکجاری لادەبەین، داواکەشمان ئەوەیە سەرەتا باج و رسووماتەکانمان لەسەر لاببەن، دواتریش گۆڕانکاری لەنێو خاڵەکاندا بکەن و ماوەی مانەوەشمان بکەنە دوو ساڵ".
 
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی گوتی: "تاوەکو ئێستا لەگەڵ بەرپرسانی کارەبا لەسەر داواکانمان رێکنەکەوتووین و ئێمەش ئامادەنین لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار بکەین".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بە خاوەن موەلیدەکانی سلێمانی گوتراوە، بەگوێرەی ئەوەی پڕۆژەکە نوێیە و ئەگەری کارەبا بڕان هەیە، "نابێت موەلیدەکان لاببەن".
 
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆرینەی موەلیدەکانمان کوژێندراونەتەوە و ئێمەش بەگوێرەی موەلیدەکان پارەی باج و رسوومات دەدەین".
 
بە گوتەی خۆرانی، ساڵانە بۆ هەر موەلیدەیەک، لەنێوان دوو بۆ سێ ملیۆن دینار پارەی باج، رووسومات، ئاو و کارەبا دەدەن.
 
لەبارەی پارەی پڕۆژەی رووناکییەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدەکانی هەولێر گوتی: "ئەگەر موەلیدەیەک هەزار ئەمپێری هەبێت، بۆ یەک ئەمپێر مانگانە هەزار دیناری پێدەدرێت، واتا ملیۆنێک دینار، ئەگەر دوو هەزار ئەمپێری هەبێت دوو ملیۆن دینار و ئەگەر زیاتریش بێت لەوە پارەکە دوو ملیۆن تێپەڕ ناکات".
 
خۆرانی گوتیشی: "ئەو پارەی دەدرێت بۆ هێشتنەوەی موەلیدەکانە نەوەکو کارکردنیان، ئەگەر لەو مانگەدا کاریش بکەن بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانی، بۆ هەر کاژێرێک 40 دیناریان پێ دەدرێت".
 
پڕۆژەی رووناکی، پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ سەرجەم هاوبەشانی کارەبا بە هەموو جۆرەکانییەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەهۆی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییەوە، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 1500 موەلیدە کوژێندراونەتەوە، کە زۆرینەیان لە هەولێر، پاشان سلێمانی و دهۆک.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.