رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نووسراوێکی دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێر، داوای دەستگیرکردن و رادەستکردنی ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری پێشووتری کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی عێراق دەکرێت.
نووسراوەکەی دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێر بە ژمارە 1980 لە 05-06-2025 دەرچووە و بۆ جێبەجێکردن ئاراستەی دادگەی لێکۆڵینەوەی سلێمانی کراوە.
ئەو مادەیەی ئەحمەد حاجی رەشیدی پێ تۆمەتبار کراوە، مادەی 226ـە لە یاسای سزادانی عێراقی.
لە دەقی مادەکەدا هاتووە، هەرکەسێک سووکایەتی بە حکومەت، دادگەکان، هێزە چەکدارەکان، یان هەر دەستەیەکی دیکەی رێکخراو، یان دەسەڵاتە گشتییەکان و دامەزراوە فەرمییەکان بکات، "سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەیەک بەسەردا دەسەپێندرێت کە لە 7 ساڵ تێپەڕ ناکات، یان بەندکردن یان پێبژاردن".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەحمەد حاجی رەشید لە فەرمانی دەستگیرکردنەکە ئاگادار کراوەتەوە.
ئەحمەد حاجی رەشید، لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاندووە، "خوێندنەوەیە و بەشێکی زانیارییە کە ئەم دوو هێزە دەسەڵاتدارەی هەرێمی کوردستان، وەکو ئێستا وەکو لە پشت پەردەوە دەردەکەوێ، دەستیان لە هەندێک لەو دۆسیەیانەدا هەبووە. سنووری ئێران بە چەند وڵاتێکەوەیە، زۆرترین سنووری لەگەڵ عێراقە کە نزیکەی 1200 کیلۆمەترە، ئەم سنوورانە پارێزراو نەبوون، لانیکەم لە رێگەی ئەم سنوورەی هەرێمی کوردستان."
ئەحمەد حاجی رەشید کە ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراقیشە، لە چاوپێکەوتنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "هەندێک زانیاری لە راگەیاندنی ئێرانەوە باس لەوە کراوە کەوا دەستی تۆمەت بۆ لایەنێکی سیاسی یان بۆ لایەنە سیاسییەکان رادەکێشرێت، کۆمەڵێک لێدوانیان لە پێش جەنگەکە و دوای جەنگەکە هەیە، کە ئەوەی خوێندنەوەیان بۆ بکات دەزانێت ئەمانە کەوتوونەتە نێو ئەو کێشەیەوە و لە کێشەیەکی زۆر خراپدان، هاتنی ئەم شاندەش (شاندی حکومەتی عێراق) بە داواکاری و پاڕانەوەی ئەم برادەرانەی هەرێمی کوردستان بووە."
لە بەرامبەردا، ئەحمەد حاجی رەشید لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، "کەناڵی عەهد لێدوانێکی منیان بەشێواوی بڵاوکردووەتەوە و دوای قسەکردن لەگەڵ کەناڵی ناوبراو و ئاگادارکردنەوەیان لەوەی کە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەم، هەر بۆیە داوای لێبووردنیان کرد و دوو سەرنوسەری گرووپەکەشیان لەکار دوورخستەوە و سەرجەم هەواڵەکەشیان لەتەواوی گرووپی تێلێگرام و سۆشیال میدیا سڕیەوە".
بەرپرسێکی کۆمەڵی دادگەری و هاوڕێی ئەحمەد حاجی رەشید ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت: "پێمانوایە سکاڵاکە پەیوەندی بە لێدوانەکەی عەهدەوە نییە، چونکە شتێکی وا نەبووە و کەناڵەکەش زانیویەتی هەڵەیە لای بردووە، بۆیە تاوەکو بەرچاوڕوونی نەبێت هۆکاری سەرەکی سکاڵاکە نازانین".
ئەو بەرپرسە کە ئاگاداری دۆسییەکەیە گوتیشی: "ئەگەر دادگەیەک هەبێت و دەستی هیچ لایەنێکی لە پشتەوە نەبێت، ئەحمەدی حاجی رەشید ئامادەیە بچێتە بەردەم دادوەر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ