بەرپرسێکی کۆمەڵ: بۆ هەڵبژاردن لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی هاوپەیمانی پێکدەهێنین

04-08-2023
پەیمان محەممەد
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری رایدەگەیێنێت، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، بەشداری هیچ هاوپەیمانێتییەکی پارتی و یەکێتی نابن؛ گوتیشی، لە کەرکووک هاوئاهەنگیی پێکهاتەکانی دیکە بۆ هەڵبژاردن لە کورد زیاترە.
 
ئەمڕۆ هەینی 04-08-2023، د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 8:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی هاوپەیمانێتی پێکدەهێنن.
 
د. بێستوون حەمەساڵح ئاماژەی بەوە کرد، هەموو ئەگەرێک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بەردەم کۆمەڵی دادگەری کراوەیە، ''یان بە شێوەی سەربەخۆ بەشدار دەبین، یان هاوپەیمانێتییەکی ئیسلامی دروست دەکەین، یان دەچینە نێو هاوپەیمانێتیی دەنگە ناڕازییەکانی هەرێمی کوردستان.''
 
بۆ جاری سێیەم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
پێشتر، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، 18ـی تشرینى دووەمى 2023ى دیاریکردبوو بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان، ئەوەش دوای رێکنەکەوتنی حیزبەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، کە بڕیاربوو یەکەم جار لە 01-10-2022 هەڵبژاردنەکە بکرێت، بەڵام نەسازان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وادەکەی دواخست.
 
بۆیە پەرلەمانی کوردستان ناچار بوو بە دەنگی 80 پەرلەمانتار پێشنیازه‌یاساى به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی لە 09-10-2022 پەسند کرد و تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی مانگی 2023 درێژکردەوە.
 
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێیوایە، یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی کۆنە، ''بۆیە کاتی خۆی داوامان کرد ئەم یاسایە بگۆڕدرێت و بە یاسایەکی سەردەمیانە هەڵبژاردن بکرێت کە مافی دەنگدەر و قەوارەی سیاسی پارێزراو بێت و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت.''
 
دواجار تێکڕای لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە کۆک بوون یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێ هەموار بکرێتەوە، بەڵام دوای کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان، دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەر شتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە،'' بۆیە دووبارە هەوڵەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن خاوبوونەوە.
 
''پێکهاتەکان دەبێ خۆیان دەنگ بە بەربژێرەکانیان بدەن''
 
د. بێستوون حەمەساڵح باسی لەوە کرد، دەبێ پێکهاتەکان خۆیان دەنگ بە بەربژێرەکانیان بدەن و نوێنەرایەتیی دەنگی خۆیان بکەن، ''ناکرێ کۆتایەک لە بازنەیەکی دیاریکراوی هەڵبژاردن کە هیچ دەنگدەرێکیان نییە، ژمارەیەکی بەرچاو دەنگ بەدەست بهێنێت.''
 
وەک بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، پێشتر داوایان کردبوو بەپێی دەستووری عێراقی و ژمارەی دانیشتووان، رێژەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسی بۆ 65 تا 68 کورسی کەم بکرێتەوە کە لەو چوارچێوەیەدا کورسیی کۆتاکانیش کەم دەبوونەوە، بەڵام پێکهاتەکان ئەوە رەتدەکەنەوە و بە ''دەستوەردان'' لە کاروباری خۆیانی دەزانن.
 
''بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناچینە نێو هاوپەیمانێتیی پارتی و یەکێتییەوە''
 
بڕیارە 18-12-2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، د. بێستوون حەمەساڵح لەوبارەوە ئاماژەیدا، ''ئێمە ئامادەین لە کەرکووک بچینە نێو هاوپەیمانێتییەک کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تێدایە، بەڵام بەو مەرجەی کە هیچ یەک لە لایەنە سیاسییەکان وەکو پارتی و یەکێتی لە دەرەوەی ئەم هاوپەیمانێتییەدا نەبن.''
 
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری ئەوەشی خستەڕوو، پارتی ئامادە نییە بچێتە نێو هیچ هاوپەیمانێتییەکەوە کە یەکێتی تێدا بەشدارە، دەشڵێت، ''کۆمەڵیش بەشداری هیچ هاوپەیمانێتییەکی یەکێتی و پارتی دژ بە یەکدی ناکات.''
 
د. بێستوون حەمەساڵح جەختی لەوە کردەوە، لە کەرکووک، پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان بەراورد بە کورد هاوئاهەنگییەکی زیاتریان بۆ هەڵبژاردن هەیە و لە ئەگەری رێککەوتنی ئەو دوو پێکهاتەیەش، دەنگیان لە کورد زیاتر دەبێت.
 
تائێستا لایەنە کوردستانییەکان هیچ هاوپەیمانێتییەکیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆمارنەکردووە، ئەوە لەکاتێکدایە تەنیا تەنیا دوو رۆژ تا دوایین وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان ماوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە