رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کارەبای سۆران رایگەیاند، زیاتر لە 87 هەزار هاوبەشی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەن. باسی لەوەشکرد: "تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، هەموو ئیدارەکە دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری."
رۆژی دووشەممە، 04ـی ئابی 2025، ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کارەبای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامادەکارییەکان دەستیان پێکردووە و لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران چەندین کۆبوونەوەمان لەوبارەیەوە کردووە، ماوەیەکی دیکە دەست بە دانانی پێوەری کارەباش دەکەین بۆ ئەو هاوبەشانەی کە ماون."
بە گوتەی ئەردەوان ئیبراهیم، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 87 هەزار و 200 هاوبەشی کارەبا هەن، 54 هەزاریان پێوەری کارەبایان هەیە و ئەوانەشی ماون بۆیان دادەنرێت. تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، هەموو ئیدارەی سۆران لە کارەبای 24 کاژێری سوودمەند دەبێت.
لەبارەی زێدەڕۆییکردنەوە، بەڕێوەبەری کارەبای سۆران گوتی: "لیژنەکانمان بەردەوامن لە گەڕان و هەرکەسێک سەرپێچی کردبێت، سزا دەدرێت. سەبارەت بە سزاکەش، ئەو ئامێرانەی بەکاریان دەهێنێت تۆمار دەکرێن کە نرخەکانیان دیار و جێگیرە و بە نرخی دوو ساڵ بەکارهێنان پارەکەی بۆ هەژمار دەکرێت؛ سزاکە لە دوو ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات بۆ شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو 20 ملیۆن دیناریش دەڕوات."
بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی کارەبا، تاوەکو ئێستا 2.7 ملیۆن هاووڵاتی کە 716 هەزار هاوبەشن، لە پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری سوودمەند بوون، کە دەکاتە نزیکەی 40%ی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، سوودمەندانی پڕۆژەی رووناکی بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
هەولێر: 380 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 458 هەزار کەس.
سلێمانی: 257 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 976 هەزار و 500 کەس.
دهۆک: 79 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 288 هەزار کەس.
پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، رۆژی 17-10-2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ