رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و رایگەیاند، لەمپەر لەبەردەم کارەکانیدا هەبووە.
حەمزە محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەکو سەرۆکی شارەوانیی قەزای سەیدسادق بە فەرمی دەستم لە کار کێشایەوە."
حەمزە محەممەد چوار ساڵ و 7 مانگە لە پۆستی سەرۆکی شارەوانیی قەزای سەیدسادقدایە.
سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکێش کردووە و چاوەڕوانی پەسندکردنیەتی لە سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی.
لەبارەی هۆکارەکەیەوە، ئاماژەی بەوە کرد، "لە کارەکانمدا لەمپەر و رێگریی زۆرم بۆ دروست دەکرا."
حەمزە محەممەد دەڵێت، "لەم ماوەیەدا خودا و خەڵکی ویژدانساخ بە شاهید دەگرم، کە چەند دڵسۆزانە، ماندوونەناسانە، لێبڕاوانە و بێلایەنانە کارم کردووە، هەوڵم داوە خزمەتی خەڵکە بەشمەینەت و پەراوێزخراوەکەی شاری سەیدسادقی ئازیز بکەم."
ئەو بەرپرسەی سەیدسادق باسی لە هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک لە سنوورەکەی کردووە و دەڵێت، "چەندین لەمپەر و رێگر هاتنە پێش لە گەیشتن بە خزمەتکردنی راستەقینە بە سەیدسادق."
لەبارەی لەمپەرەکانی بەردەمیشی، حەمزە محەممەد دەڵێت، "لە لایەکەوە گەورەترین بەربەست پاساوی قەیرانی دارایی دروستکراو بوو، کە ئێستاش هەر بەردەوامە، لە لایەکی دیکەوە بێلایەنی و نەچوونە ژێرباڵ و چەپۆکی خواستی کەسیی هیچ بەرپرسێکی حیزبی و حکومی، کە بەداخەوە ئەمەیان لە قەیرانی دروستکراوی دارایی خراپتر زیانی بە حوکمڕانیی ئەم هەرێمە گەیاندووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ