رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گەرما و کەمیی کارەباوە، لە فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای ورمێ دوو رۆژ کرایە پشوو.
رۆژی دووشەممە، 4ی ئابی 2025، ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی بەڕێوەبردنی قەیران لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت.
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەدا بەهۆی گەرماوە بەکارهێنانی کارەبا لە پارێزگاکە زیاتر بووە.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی بەڕێوەبردنی قەیرانی ورمێ، دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزارییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و هەروەها ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
ماوەی سێ هەفتەیە پلەی گەرما لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی.
کەشناسیی ئێران رایگەیاندووە، لە دوو تاوەکو پێنج رۆژی داهاتوودا پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە لە هەندێک ناوچە دەگاتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە 7 پارێزگای ئێرانیش رۆژی چوارشەممە 6ی ئاب، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبا کراوەتە پشوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ