رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئاوی ناوچەیی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئاوی گلدراوەی بەنداوی مهاباد 58 ملیۆن مەتر سێجایە. ئاماژە بەوەش دەکات، پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوول، بۆ 9 ملیۆن مەتر سێجا کەم بکات.
یەکشەممە 03-08-2025 مەجید رەستگار، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئاوی ناوچەیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئاوی بەنداوی مهابادی سەر بە پارێزگاکە 58 ملیۆن مەتر سێجایە.
کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکە لە کاتێکدایە هەمان کاتی پار و پێرار، نزیکەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا بووە، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی کەمیی باران و لاوازبوونی ئەو سەرچاوانەی دەڕژێنە نێو بەنداوەکە، ئاستەکەی زیاتر دابەزیوە.
بە گوتەی مەجید رەستگاری، "بەهۆی دۆخی تایبەتی بەنداوی مهاباد، بە وردی چاودێریی پڕۆسەی بەکارهێنانی ئاو دەکەین، بۆئەوەی رێگری لە قەیرانی کەمئاوی لە ناوچەکە بکرێت."
بەشێک لە ئاوی بەنداوی مهاباد بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێندرێت. بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئاوی ناوچەیی جەختی لەوە کردەوە، لەکاتی دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵ، پاراستنی کواڵیتیی ئاوی خواردنەوە لەبەرچاو دەگیرێت.
وەک مەجید رەستگاری پێشبینی دەکات، تاوەکو 21ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، بە هۆکاری جیاجیا لانیکەم نۆ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی گلدراوەی نێو بەنداوی مهاباد بەکاردەهێندرێت یان دەبێت بە هەڵم.
وەرزی هاوینی ئەم ساڵ زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە تووشی گرفت بوون. بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئاوی ناوچەیی ورمێ لەبارەی بەنداوی مهابادەوە ئەوەشی خستەڕوو، "دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووان کاری لەپێشینە دەبێت و تاوەکو ئێستا لەوبارەوە گرفتێک نەبووە."
بەنداوی مهاباد لە ساڵی 1970 دروستکراوە، توانای گلدانەوەی نزیکەی 340 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. جگە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شارەکە، زیاتر لە 12 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی شارەکە لە رێگەی ئەم بەنداوە ئاودێری دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ