وەرزی زێڕینی گەشتیارییە و هەزاران گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

04-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، هەزاران گەشتیاری نێوەڕاست و خوارووی عێراق هاتوونەتە شوێنە گەشتیارییەکان.
 
بەگوێرەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، زۆرترین گەشتیار لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان سەردانی ناوچە فێنک و کوێستانییەکان دەکەن، بەتایبەت لە ئیدارەی سۆران لە پارێزگای هەولێر، دەڤەری هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە و بەشێکی پارێزگای دهۆک.
 
بەگوێرەی ئاماری چێشتخانە و میوانخانەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر 445 هۆتێل و مۆتێل، 47 گوندی گەشتیاری و سەتان کەپری گەشتیاری هەن.
 
شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هاتنی گەشتیار زۆرە و هۆتێلەکان گەشتیاری زۆریان تێدایە، بەڵام زیاتر روودەکەنە دەرەوەی شارەکان."
 
بە گوتەی جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەولێر، هەزاران گەشتیار هاتوونەتە سنوورەکە و بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە زۆرینەیان دەچنە هاوینەهەوارەکان.
 
شوکر عەزیز دەڵێت، "زیاتربوونی هاتنی گەشتیاران ساڵانە لەم وەرزەدایە کە هاوینە و پشووی قوتابخانەیە، بەڵام ئێستا کە چلەی ئیمام حوسێنە هاتنی گەشتیار کەم بووەتەوە."
 
ئەو گەشتیارانەی دێنە هەولێر و شارەکانی دیکە، زۆرینەیان لە رێگەی گرووپە گەشتیارییەکانەوە دێن.
 
لە سلێمانی 380 هۆتێلی گەشتیاری، 50 هۆتێلی میلـلی، 8 هۆتێلی پێنج ئەستێرە و سەتان کابینە و کەپری گەشتیاری هەن.
 
مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگشتی لە باشترین وەرزی گەشتیاریداین و گەشتیار هەن، بەڵام هاتنی رێوڕەسمی چلەی شیعەکان لە عێراق کاریگەری نەرێنی هەبووە."
 
سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی نەدانی مووچەوە گەشتیاری نێوخۆیی کەم بووەتەوە؛ گوتیشی، "لە مانگەکانی 7، 8 و 9دا زۆرترین گەشتیار دێنە ناوچەکەمان."
 
لەبارەی هاتنی گەشتیاران بۆ دهۆک لەم وەرزەدا، شەماڵ هرووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ بەگشتی بەراورد بە پار گەشتیاری نێوخۆییمان کەم بوو، بەڵام هاتنی گەشتیاری نێوەڕاست و باشووری عێراق تاڕادەیەک باشە."
 
لە دهۆک، 900 شوێنی گەشتیاری هەن کە 145ـیان هۆتێلن، ئەمە جگە لە بوونی نزیکەی 250 شوێنی سرووشتیی گەشتیاری.
 
هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بە گوتەی شەماڵ هرووری، رێوڕەسمی ئایینی شیعەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر هاتنی گرووپە گەشتیارییەکان هەبووە.
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "ئەم ساڵ هاتنی گەشتیار بەراورد بە پار زیاترە و ئەم ساڵ زیاتر لە 320 هەزار گەشتیار روویان لە سنوورەکەمان کردووە."
 
زۆرترین گەشتیاری پارێزگای هەڵەبجە روودەکەنە دەڤەری هەورامان. بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، "گەشتیارێکی زۆر لە ناوچەکەمانن و هاتنیشیان بەردەوامە".
 
لە هەڵەبجە هۆتێل و مۆتێل کەمن، بەڵام وەکو هەورامان جەلال باسی دەکات، خانوو و کەپری گەشتیاری زۆرن و خواستی گەشتیارانیان لەسەرە و پێداویستییەکانیان پڕدەکەنەوە.
 
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکێکە لەو ناوچانەی ساڵانە زۆرترین گەشتیاری بۆ دەچن. د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گەشتیارێکی زۆر لە ناوچەکەمانن."
 
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران گوتی، "پلەی گەرما زۆر بەرزە، ئەمەش وایکردووە رێژەی گەشتیار کەمتربێ بەراورد بە رابردوو، بەڵام ئێستاش گەشتیارێکی زۆر لە ناوچەکەمانن، بەتایبەت لە باڵەکایەتی، چۆمان، حاجی ئۆمەران، سیدەکان، پڕژێ و هەموو هاوینەهەوارەکانی دیکە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.