کاتی بەرهەمهێنانی بنێشتی کوردییە؛ لە چین هاوردە دەکرێت؟

04-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرەتای کاتی بەرهەمهێنانی بنێشتی کوردییە لە هەرێمی کوردستان. بەرپرسێک لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، لە هەموو ناوچە شاخاوییەکان بنێشت بەرهەم دەهێندرێت. یەکێتیی هاوردەکارانیش رەتیدەکاتەوە بنێشت لە چینەوە هاوردە بکرێت.
 
ساڵانە لە مانگەکانی 8 و 9دا بنێشت لە دارەبەن (دار قەزوان) کۆدەکرێتەوە و رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت.
 
هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو ئەوانەی بنێشت بەرهەم دەهێنن، لەلایەن ئێمەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت و نابێت بەبێ مۆڵەت کار بکەن."
 
لەبارەی بڕی بنێشتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان گوتی، بەهۆی فرەلایەنیی بەرهەمەکەوە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ ئامارێک نییە کە بنێشت ساڵانە چەندە.
 
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دەنگۆیەک هەیە و دەگوترێت، بنێشتی کوردی لە چینەوە هاوردە دەکرێت، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار رەتی دەکاتەوە.
 
شێخ عەتا محەممەد، جێگری سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بنێشتی کوردیی بەرهەمی نێوخۆیە. ئەوەی دەگوترێت هاوردە دەکرێت لە چینەوە ناڕاستە."
 
شێخ عەتا ئاماژەی بەوەشکرد، "پێدەچێت بەشێکی بنێشت لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بهێندرێت، بەڵام لە چین یان هیچ وڵاتێکی دیکەوە هاوردە ناکرێ."
 
هەر ئەمڕۆ هاونیشتمانییەک کە کاری بەرهەمهێنانی بنێشت دەکات لە هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "ئەوەی ئێمە دەیکەین و دەیخەینە بازاڕەوە بنێشتی تەواو کوردیی خۆماڵییە، نەمانبیستووە کەس بنێشت هاوردە بکات."
 
دارەبەن لە ناوچە شاخاوییە سەختەکاندایە و بۆ کۆکردنەوەی بنێشت بە قوڕی تایبەت (کۆچەڵە) بۆ دارە دروست دەکرێ و بنێشتەکە دەچێتە نێوی، دواتر بە چەند پرۆسەیەکەدا دەبێتە بنێشتێکی خاوێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆلاری ئەمریکی. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

لە هەولێر سیستمی ئاڵوگۆڕی دۆلار دەگۆڕێت؛ "دۆلاری سپی" کەم دەکرێتەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر رایگەیاند، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە بڕیارێکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی جۆری دۆلار لە بازاڕ جێبەجێ دەکرێت و رێژەی دۆلاری سپی لە مامەڵەکاندا بۆ 28٪ کەم دەکرێتەوە.