رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی 29ـی مانگی رابردوو، منداڵێکی خەڵکی چەمچەماڵ لە سنووری کۆیە لە ئاودا خنکا، ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە.
رۆژی دووشەممە 4ـی ئەیلوولی 2023، عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای حەوت رۆژ لە خنکانی منداڵێکی چەمچەماڵ لە قەزای کۆیە، ئەمڕۆ نزیک کاژێر 11:00 تەرمی منداڵەکە دۆزرایەوە و لەلایەن تیمەکانیانەوە دەرهێندرا.
گۆران ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، منداڵەکە خەڵکی سنووری قەزای چەمچەماڵ بووە و ئێوارەی 29ـی ئاب بۆ سەیران و بەسەربردنی کات چوونەتە سنووری گوندی بۆگد لە ناحیەی ئاشتی لە قەزای کۆیە و لەوێ کەوتووەتە ئاوەوە و خنکاوە.
لەبارەی دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکەوە کە ناوی شەهرام سامییە و تەمەنی هەشت ساڵان بووە. قایمقامییەتی چەمچەماڵ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ تەرمی منداڵەکە دەرهێندراوە، بەوهۆیەوە سوپاسی ئەو لایەنانەی کراوە کە هاوکاربوون بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە.
بەگوێرەی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.
بەگوێرەی ئامارەکە 27 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر، 19 لە پارێزگای دهۆک، 14 لە پارێزگای سلێمانی و یەک کەسیش لە پارێزگای هەڵەبجە خنکاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ