رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی چەند هاونیشتمانییەک لە هەولێر بە رووداویان گوت، لەکاتی پارەدانی پڕۆژەی رووناکیدا لە یەکێک لە فرۆشیارەکانی وزە بەهۆی قەرەباڵخییەوە نۆرەیان گرتووە و کاتی زۆریان پێچووە، پڕۆژەکە دەڵێت، لە یەکشەممەوە کارمەند زیاد دەکەن.
یەکێک لەو شوێنانەی لە هەولێر پارەی کارەبای پڕۆژەی رووناکی لێوەردەگرێت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێر-2ـە لە گەڕەکی ئاڵا نزیک لەنگە. چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت، چوون پارەی کارەبا بدەن، بەڵام ماوەیەکی زۆر نۆرەیان گرتووە.
رووداو داواکاری هاونیشتمانیانی گەیاندە پڕۆژەی رووناکی و بەرپرسێک لە پڕۆژەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رۆژی یەکشەممەوە کارمەند بۆ بەشی فرۆشتن و وەرگرتنی پارە زیاد دەکەین بۆ ئەوەی چیتر قەرەباڵخی دروست نەبێت".
بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی، لە هەنگاوەکانی داهاتوودا هەر بەشێکی فرۆشتنی وزە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی وەرگرتنی پارەوە قەرەباڵخی تێدا دروستببێت، ئەوان کارمەندی نوێی بۆ زیاد دەکەن.
پڕۆژەی رووناکی، پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی پڕۆژەکە، تاوەکو ئەمڕۆ لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، نزیکەی یەک ملیۆن هاوبەشی کارەبا کە دەبێتە نزیکەی 4 ملیۆن کەس سوودمەند بوون.
ژمارەی هاووڵاتی و هاوبەشانی سوودمەند لە پرۆژەی رووناکی:
هەولێر: 1,935,000 هاووڵاتی، 504,000 هاوبەش.
سلێمانی: 1,345,000 هاووڵاتی، 351,000 هاوبەش.
دهۆک: 351,000 هاووڵاتی، 94,000 هاوبەش.
هەڵەبجە: 139,000 هاووڵاتی، 38,000 هاوبەش.
کۆی گشتی: 3,770,000 هاووڵاتی و 987,000 هاوبەش.
بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 3,200 موەلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکاندا کوژێنراونەتەوە، لەوانە 2197 موەلیدە لە هەولێر، لە سلێمانی 604 موەلیدە، لە دهۆک 356 موەلیدە و لە هەڵەبجەش 65 موەلیدە، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کەمکردنەوەی دەرچوونی 600,000 تۆن لە دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە ساڵێکدا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە و کارەبای 24 کاژێری بۆ تەواوی ناوچەکان دابینبکات.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی "رووناکی" راگەیاند. لە مانگی ئایاریش ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پرۆژەکەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ