رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی وەزارەتەکەی رەتدەکاتەوە.
هەواڵێک بڵاوبووەتەوە و تێیدا هاتووە، "هەموو گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا، کە بڕوانامەی دکتۆرا یان ماستەریان نەبێت گرێبەستەکەیان هەڵدەوەشێندرێنەوە".
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ گرێبەستێکی خوێندنی باڵا هەڵناوەشێتەوە و بەردەوام دەبن لە ئەرکی خۆیان".
مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا ژمارەیان نزیکەی چوار هەزار کەسە و لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو لە وانەبێژییەوە کرانە گرێبەست.
هیوا سەمەد، نوێنەری گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەدواداچوونم کردووە و هیچ کەسێک لانەبراوە و گرێبەستی کەسیش هەڵناوەشێندرێتەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی خویندنی باڵا تەنیا لە دەسەڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە و ئەویش ئێستا "هیچ پلانێکی لەو شێوەیەی لەبەردەستدا نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ