دوو پسپۆری کەشوهەوا پێشببینی دواکەوتنی بارانبارین دەکەن

04-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕانی کەشوهەوا دەڵێن، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بارانی پێویست بۆ دانەوێڵە نابارێت. پسپۆڕێکی ئاو و کەشوهەوا دەڵێت، ئەم ساڵ لە بەشێکی هەرێمی کوردستان پێشبینی وشکەساڵی دەکرێت.
 
پرۆفیسیۆر سلێمان عەبدوڵڵا، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ئاو و کەشوهەوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم مانگە کەمێک شێدار دەبێت، بەڵام مانگەکانی 10، 11، 12 و مانگی 1ـی ساڵی داهاتووش بەشێوەیەکی گشتی پێشبینی دەکرێت باران کەمتربێت لە تێکڕای گشتی".
 
ئەو پسپۆڕە پێشبینی دەکات، تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو رێژەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان 30٪ بۆ 40%ـی تێکڕای بارانی پێویست بێت بۆ دانەوێڵە.
 
د. سلێمان عەبدوڵڵا گوتی: "بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەم ساڵ تاوەکو مانگی یەک، پێشبینی وشکەساڵی دەکەین، بەتایبەت لەو ناوچانەی بارانی نامسۆگەرە، وەکو دەشتی هەولێر، کەرکووک و گەرمیان".
 
دانەوێڵەی وەک گەنم و جۆ، لە هەرێمی کوردستان بۆ سەوزبوونی پێویستی زیاتر لە 300 ملیمەتر بارانە، بەشێوەیەکی یەکسان و چەند رۆژ جارێک بێت، نەوەکو رێژەیەکی زۆر لە ماوەیەکی کورتدا.
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی د. سلێمان کە یەکەم کوردی باشووری کوردستانە نامەی ماستەرەکەی لە ساڵی 1994 تایبەت بووە بە باران، "ناوچە شاخاوییەکان کە بە ناوچەی بارانی مسۆگەر دادەنرێن، ئەم وەرزەی بارینیش کێشەیان نابێت و بارانی پێویست بۆ دانەوێڵە دەبارێت".
 
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشوهەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەرزی داهاتوو لە وەرزی پار باشتر دەبێ، بەڵام سەرەتای وەرز و لەم مانگەوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ لاواز دەبێت".
 
موفتی دەڵێت: "کۆتایی پاییز و سەرەتای زستان بەرەو باشتر دەچێت و پێشبینی دەکرێ بۆ وەرزی بەهار باشتریش بێ لە رووی بڕی بارانەوە".
 
یەکێک لەو پێشبینییانەی بۆ بارانبارین شارەزایانی کەشناسی دەیکەن، شێوازی بارانە لەم چەند ساڵەی دواییدا، کە زۆر جار بە لێزمە و کورتمەودایە، ئەوەش زیانی بۆ دانەوێڵە هەیە. 
 
لوقمان موفتی دەڵێت: "هەرێمی کوردستان پێویستی بە بارانی لەسەرخۆیە؛ کە بۆ کشتوکاڵ و ئاوی ژێر زەوی سوودی زۆرە، بەڵام بارانی بەلێزمە کە دەبێتە لاوفاو زیانی زیاترە لە سوود".
 
وەرزی بارینی رابردوو، لە بەشێکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە دەشتی هەولێر، کەرکووک، بەشێک گەرمیان و بەشێکی دهۆک وشكەساڵی بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.