رووداو دیجیتاڵ
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی وه‌رزی كۆكردنه‌وه‌ی زه‌یتوون له عه‌فرین، جارێكی دیكه گرووپه چه‌كداره‌كان نووسینگەکانی سەرانەسەندن له‌و ناوچەیەدا دەکەنەوە.
کردنەوەی ئەو نووسینگانە لەکاتێکدایە، چەند مانگێک لەمەوبەر حكومه‌تی سووریا بڕیاری دابوو، هه‌موو گرووپه چه‌كداره‌كان خۆیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه و تێكه‌ڵی سوپای سووریا ببن.
بە‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی عه‌فرینیش رایگه‌یاندبوو، باڵادەستیی گرووپه چه‌كداره‌كان لە ناوچەکەدا ناهێڵن و بنكه و نووسینگه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانیان داده‌خه‌ن.
ئیبراهیم شێخۆ، پارێزەر و مافناس دەڵێت: "ئەم نووسینگانەی سەر بە گرووپە چەکدارەکان ئێستا کار دەکەن، نووسینگەی سەر بە ئاسایشی گشتی لە عەفرین هەن، بەڵام بەداخەوە ناتوانن کاری خۆیان بکەن و ماڵ و موڵکی خەڵکی بگەڕێننەوە. ئەو زوڵم و ستەمەی دەکرێت، بە چەکی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان دەکرێت، گرووپەکانی حەمزات، سوڵتان موراد، عەمشات، موعتەسم، ئەحرار شەرقیە لە ناوچەکانی بلبل و شیێ ئەم کارە دەکەن. پێویست بوو عەمشات لە شیێ بکشێتەوە، بەڵام ماون و ئەم بڕیارەیان داوە."
بەگوێرەی زانیارییەکان، نووسینگەکان، کە گرووپەکان ناویان لێناوە نووسینگەی ئابووری، بۆ ئەوەیە بە زۆر باج بەسەر زەیتوونی ناوچەکەدا بسەپێنن و دەستبگرن بەسەر ماڵ و موڵکی خەڵکی ناوچەکەدا، ئەوەش وێڕایی داننان بە خاوەنداریکردنی هاونیشتمانیان بەوەی خاوەن موڵک و زەوی خۆیانن.
ئیبراهیم شێخۆ دەشڵێت: "خه‌ڵكی عه‌فرین سه‌ختییه‌كی زۆر دەچێژن، چونكه وه‌رزی کۆکردنەوەی زه‌یتوون نزیک بووه‌ته‌وه. گرووپه چه‌كداره‌كان رێگه ناده‌ن ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و موڵكه‌كانی خۆیان و پێیان ده‌ڵێن تا دوای وه‌رزه‌كه ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه. پێم وایه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت باج بسه‌پێنن به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌دا و پاشان ماڵ و موڵكه‌كانیان بده‌نەوە."
وەرزی کۆکردنەوەی زەیتوون لە نێوەڕاستی مانگی 10ـەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی ساڵ.
بەرهەمەکە لە گونیەدا رەوانەی کارگەکانی زەیتوون دەکرێت و لەوێش دوای ئەوەی دەکرێتە رۆنی شل، دەخرێتە تەنەکەی 17 کیلۆگرامییەوە بۆ بازاڕەکان، ئەگەر خاوەنەکانیان باج نەدەن، گرووپە چەکدارەکان دەستی بەسەردا دەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ