رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە بەهۆی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو، ئێستا ئاوی ئیفراز گەیشتووەتە زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر، بەڵام هێشتاش لە گەڕەکەکانی سەری بڵند، سێبەردان، بنەسڵاوەی بچووک، پیڕەش، بەشێک لە بیرکۆت و فەرمانبەران بەشی هەشت هەزاری هێشتا ئاو دەکڕن.
زۆری خواست وایکردووە دانیشتووانی گەڕەکی سەری بڵندی هەولێر، کە ئاوارەی هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ن، بە تراکتۆر ئاو دابین بکەن.
خەلیل ئیبراهیم، کارمەندی هێزی ئەمنییە و دەڵێت: لەم مانگە 15 رۆژ ئاوم کڕیوە. رۆژ ناڕۆژێک ئاو دەکڕم. ئەوە درواسێکان شاهێدن و خۆشیان هەمووی ئاو دەکڕن، لە مانگی 6 تانکیەک ئاو بە 10 هەزار دینار بوو دواتر بوو بە 7 هەزار ئێستاش بە 6 هەزارە. لەبەر پڕۆژەی ئاوی فریاگوزارییە کە ئێستا 90٪ی دانیشتووانی هەولێر کێشەی ئاویان نییە تەنیا ئێمە نەبین، ئەگەر وا نەبووایە ئێستا دەبووایە بە 20 هەزار ئاومان کڕیبایە. ئێمە ئاوارەی 16ی ئۆکتۆبەرین، تەنیا مووچەمان هەیە، سەردانی فەرمانگەی ئاومانکردووە دەڵێ پێوەری ئاو ببەستن و داوای 130 هەزار دەکات بۆ بەستانی پێوەرەکە."
دایکی نەجوا دەڵێت: "من لەتوانامدا نییە ئاو بكڕم. خەڵک دەکڕێت، بەڵام من ناتوانم، بە دەبە ئاو لە دراوسێ و خزمان وەردەگرم، نیوە خانەنشینی باوکی منداڵەکانم هەیە 260 هەزار بەچی بدەم بە ئاو یان خەرجی نازانم چی لێبکەم."
جومعە مەجید، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە و دەڵێت: "من مامۆستام و خانەنشیم لە مانگی 11ی پارەوە مووچەم وەرنەگرتووە، ئێستا داوای 130 هەزار دینار دەکات بۆ بەستانی یەک پێوەری ئاو. دەڵێ 130 هەزار بدە، ئاوت بۆ بەردەینەوە. ئەمە لەکوێ هەیە، من 130 هەزار لەکوێ بێنم؟"
شەمسەدین ئایس، خاوەن تانکەری ئاوە و دەڵێت: "ئەگەر ئاو هەبێ بار کەین رۆژانە تاوەکو 10 سەفەر دەتوانین باربکەین، چونکە داواکاری زۆرە بۆ کڕینی ئاو، هەر تانکەرێک بە 35 یان 40 هەزار دەفرۆشین، من 20 ساڵە ئەمە پیشەمە، ئەگەر پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری نەبوایە ئەم ساڵ کارەسات لە هەولێر روودەدا، بەڵام ئەو پڕۆژەیە هەندێک رەوشەکەی باشکرد."
جگە لە پرۆژەکانی ئیفراز (یەک، دوو و سێ) کە 40٪ـی ئاوی هەولێر دابین دەکەن، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر رۆژانە بە بەردانەوەی 20 هەزار مەتر سێجا، 60٪ـی ئاوی پایتەخت دابین دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ