رووداو دیجیتاڵ
بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە، فڕۆکەخانەی وان لە باکووری کوردستان بۆ سێ مانگ دادەخرێت. بڕیاری داخستنەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر گەشتکردن و کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکەدا دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری فڕۆکەخانەکان سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، داخستنی تەواوی فڕۆکەخانەی وان-ی راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتییەکە روونیکردەوە، کاری نۆژەنکردنەوەی رێڕەوی فڕین لە 15ـی ئایاری ئەم ساڵ دەستیپێکردبوو، بەهۆیەوە گەشتەکان تەنیا لە نێوان کاژێر 7:00ـی بەیانی تا 16:00ـی پاشنیوەڕۆ ئەنجام دەدران. بەڵام، سبەی هەینی، 5ـی ئەیلوول فڕۆکەخانەکە بە تەواوی بۆ سێ مانگ دادەخرێت. ئەمڕۆش دوایین گەشتەکان دەکرێن و پاشان پرۆسەی نۆژەنکردنەوە، چاککردنەوە و فراوانکردنی فڕۆکەخانەکە بە فەرمی دەستپێدەکات.
لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا، ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت لە وانەوە گەشت بکەن، ناچار دەبن روو بکەنە فڕۆکەخانەکانی ئاگری، ئیدر، و مووش. ئەمەش ئاستەنگێکی گەورە بۆ هاووڵاتیان و کەرتی گەشتیاری دروست دەکات.
شارەزایانی کەرتی گەشتیاری نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەبارەی زیانە گەورەکانی ئەم داخستنە سێ مانگییە، بەتایبەتی کە هاوکاتە لەگەڵ وەرزی دووەمی گەشتیاری.
عەبدوڵڵا تونچدەمیر، سەرۆکی کۆمەڵەی گەشتیاری وان رایگەیاند، گەشتیاری دابەش دەبێت بەسەر دوو وەرزدا. یەکێکیان لە نیسانەوە تا حوزەیرانە، ئەوی دیکەش مانگەکانی ئەیلول، تشرینی یەکەم، و تشرینی دووەم دەگرێتەوە.
تونچدەمیر راشیگەیاند، فڕۆکەخانەکە لە 5ـی ئەیلوولەوە بۆ 3 مانگ دادەخرێت. وەرزی دووەمی گەشتیاری ئێمەش لە 5ـی ئەیلوول دەستپێدەکاتەوە. نەبوونی گەشتی ئاسمانی لەم ماوەیەدا هۆکاری داکشانی گەشتیار دەبێت. گەشتیار ناچارە فڕۆکەخانەی شارەکانی دەوروبەر وەک مووش، ئاگری، ئامەد، ئەرزەڕۆم یان گەڤەر بەکاربهێنن. ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاند، دوای تەواوبوونی کارەکان، فڕۆکەخانەی وان خزمەتگوزارییەکی مۆدێرنتر و سەلامەتتر پێشکێش دەکات، بەڵام تا ئەو کاتە، دانیشتووانی وان و گەشتیاران ناچارن رێگەی جێگرەوە بدۆزنەوە.
لە سەرانسەری تورکیادا 62 فڕۆکەخانەی سڤیل هەن، کە 18یان لە باکووری کوردستاندایە. هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی ئامەد، خارپێت، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، قەرس، مەلەتێ، سێواس، رووها و وان، نێودەوڵەتین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ