کوردستان
لە یادی لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلام چەندین بانەر لە شاری هەولێر هەڵدراون. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە؛ گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، ئەم ساڵ چالاکی هەمەجۆر دەکرێن و دوو ئاهەنگی "گەورە" لەم مانگەدا لە هەولێر ساز دەکرێن.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ناوەندی شار ئاهەنگێکی گەورە ساز دەکرێت و چەندین سروودبێژی بەنێوبانگ بەشدار دەبن." گوتیشی: "سەرجەم مزگەوتەکانی شاری هەولێر رازێندراونەتەوە و خواردن و شیرینی بێبەرامبەر دابەش دەکرێت."
نەبەز ئیسماعیل ئاشکرای کرد، نزیکەی 15 رۆژ دواتر و هەر لە مانگی مەولوود دا، ئاهەنگێکی گەورە لەسەر قەڵای هەولێر ساز دەکرێت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف، وەزارەتەکەیان بە درێژایی ئەم مانگە 30 رۆژ چالاکییان لە هەموو کوردستان دەبێت.
پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) ناوی محەممەد كوڕی عەبدوڵڵای كوڕی عەبدولموتەڵیبە، رۆژی 22-4-571 زایینی، کە دەکاتە 12ـی رەبیعی یەکەمی کۆچی، لەدایكبووە، کۆتا پەیامبەرە كە نێردراوە.
مێژووی مەولوود لە هەولێر
ده‌رباره‌ی مێژووی یادکردنەوەی مه‌ولوودی پێغه‌مبه‌ر( دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) چه‌ندین بیر‌و بۆچوون هه‌یه، دیاترینیان ناوی سولتان موزه‌فه‌ره‌دین گۆكبۆرویه، كه سوڵتانی هه‌ولێر بووه له سه‌رده‌می ئه‌تابه‌كییه‌كان ژیاوە و زاوای سەلاحەدینی ئەیووبی بووە.
نەبەز ئیسماعیل گوتی، "هەولێر لە ناوچەکەدا وەکو خاوەنی یادی مەولوود نێوبانگی دەرکردووە، ئەم نێوبانگەش رەگ و ریشەیەکی کۆنی هەیە و بۆ 800 ساڵ پێش دەگەڕێتەوە."
سولتان موزه‌فه‌ره‌دین گۆكبۆرو، گرنگی زۆری بە یادی له دایكبوونی پێغەمبەر محه‌ممه‌د (د.خ) داوە، له‌و سه‌رده‌مه چه‌ند مانگێک به‌ر له یادی له دایكبوونی پێغەمبەر، شاری هه‌ولێر دەڕازێنرایەوە و ئاماده‌كاری بۆ ئه‌و بۆنه‌یه ده‌كرا.
جگه له شاری هه‌ولێر، له شاره‌كانی دیکەش خه‌ڵک بانگهێشت ده‌كران بۆ ئه‌و بۆنه‌یه و ھه‌روه‌ھا هاوكاری هه‌ژاران ده‌كرا.
سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین، له 29 حوزه‌یرانی 1232 كۆچی دواییكردووە.
چه‌ند بۆچوونێک هه‌یه له‌سه‌ر مه‌زاری سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین. یه‌كێك له بۆچوونه‌كان ده‌ڵێت: ته‌رمی سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین گۆكبۆرو له رۆژهه‌ڵاتی قه‌ڵای هه‌ولێر له لای شه‌قامی موزه‌فه‌رییه نێژراوه.
ئایا مەولوود دروستە؟
بۆچوونی جیاواز لەسەر مەولوود هەیە، هەندێک کەس بە دروستی دەزانن و هەندێکیش پێیانوایە بیدعەیە (زیادکراوە بۆ دین).
مەلا عەبدوللەتیف سەلەفی، رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان لە بارەی مەولوودەوە دەڵێت، نە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت، نە هاوەڵانی و نە ئەوانەی دوای ئەوانیش، یادی پێغەمبەریان بەو شێوەیە نەکردووەتەوە. دەشڵێت: "سوێند بە خوا ئەگەر مەولوود سوننەت بووایە، خەڵک دەیگوت خۆ واجب نییە، نەیاندەکرد. کەچی مەولوود کە بیدعەیە، چۆن بەلایانەوە گرنگە."
رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان پێیوایە پاڵنەری پشت کردنی زیاتر سیاسییە، نەوەک ئایینی.
بەڵام ئەنجوومەنی فەتوا لە هەرێمی کوردستان لە بارەی حوکمی شەرعی مەولوودەوە دەڵێت: "كاری پڕ به‌ها و پیرۆزی مه‌ولوودنامه‌ی پێشه‌وامان حه‌زره‌تی محەممەد (صلی الله علیه وسلم) كه ساڵانه له نێو مزگه‌وت و ناوه‌نده ئه‌كادیمی و كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ری و ماڵه‌كانیشدا دەکرێت، عورفێكی شه‌رعی جوانه‌و كارێكی له‌مێژینه و شایسته و شه‌رعییه".
ئەنجوومەنەکە بەڵگەی بۆ شەرعیبوونی مەولود هێناوەتەوە و دەڵێت: "رۆژی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ران (علیهم الصلاه والسلام) به‌گشتی و پێغه‌مبه‌ری خۆمان (صلی الله علیه وسلم) به تایبه‌ت، له گرنگترین رووداوی رۆژگاره‌كانه، كه خودا فه‌رمانی كردووه به یادكردنه‌وه‌یان به ئایه‌تی پیرۆزی: {وَذَكِّرْهُمْ بِأَيَّامِ اللَّهِ } هه‌ر بۆیه خودا رۆژی له‌دایكبوونی دووان له پێغه‌مبه‌رانی خۆی دیاری كردووه، كه بریتین له حه‌زره‌تی یه‌حیا (علیه السلام): {وَسَلَامٌ عَلَيْهِ يَوْمَ وُلِدَ وَيَوْمَ يَمُوتُ وَيَوْمَ يُبْعَثُ حَيًّا} و حه‌زره‌تی عیسا (علیه السلام): {وَالسَّلَامُ عَلَيَّ يَوْمَ وُلِدْتُ وَيَوْمَ أَمُوتُ وَيَوْمَ أُبْعَثُ حَيًّ} . بێگومان بۆ ئه‌و گرنگیدانه پێغه‌مبه‌ر ئیسلام (صلی الله علیه وسلم) له پێشتره، چونكه سه‌ردارو خاته‌می هه‌موو پێغه‌مبه‌رانه(علیهم الصلاه والسلام). هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌یشه كه پێغه‌مبه‌ری خوامان (صلی الله علیه وسلم) به راشكاوی ئاماژه‌ی به رۆژی له‌دایكبوونی خۆی كردووه، وه‌ك له فه‌رموده‌ی سه‌حیحدا هاتووه كه هه‌ندێك له ئه‌صحابی كیرام(رضي الله عنهم) پرسیاریان لێ كرد: یارسول الله (صلی الله علیه وسلم) هۆكار چییه رۆژانی دووشه‌ممان به‌رۆژوو ده‌بیت؟ فه‌رمووی: ئاخر چونكه له‌و رۆژه‌دا من له دایك بووم، له‌به‌ر گرنگی ئه‌و رۆژه له هه‌مان ئه‌و رۆژه‌شدا ره‌وانه كراوم، له هه‌مان ئه‌و رۆژه‌شدا قورئانم بۆ هاتووه‌ته خواره‌وه."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ