رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی میهرەبانی لە هەولێر دەڵێت، دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە کردنەوەی نەخۆشخانەکەیان، تاوەکو ئێستا کارەبای نیشتمانییان نییە. بەرپرسێکی باڵاش دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەبایان پێ دەدرێت.
نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی میهرەبانی، لە 25ـی ئاداری 2023 بە فەرمی لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر کرایەوە.
د. دلێر شینە، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی نەخۆشخانەی نەشتەرگەری میهرەبانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆش کارەبای نیشتمانیمان پێنەدراوە، بەڵام لیژنەیەک پێکهێندراوە و بڕیارە پێمانبدرێت".
نەخۆشخانەکە پێویستیی بە نزیکەی دوو مێگاوات کارەبا هەیە و ئێستا لە رێگەی موەلیدەوەوە کارەبای بۆ دابینکراوە.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی باڵا لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو هاوکارییەکی نەخۆشخانەی میهرەبانی کراوە، داوای زەوی کردووە بۆ پارک پێی دراوە، داوای زەوی کردووە بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل پێی دراوە، داوای بیری کردووە رەزامەندی پێ دراوە".
ئەو بەرپرسەی کە ئاگاداری دۆسیەکەیە گوتیشی: "لە کردنەوەی نەخۆشخانەی میهرەبانی تاوەکو ئەمڕۆ هەموو ئاسانکارییەکی بۆ کراوە، چەندین جار ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر خۆی سەردانی کردن و داواکانی جێبەجێکردوون".
لەبارەی پێدانی کارەباشەوە و بەرپرسەکەی پارێزگای هەولێر گوتی: "لە سنووری نەخۆشخانەکە کێشەی فیدەرەکان هەیە و کەس نەیگوتووە کارەبای پێنادرێت، بەڵکو دوای چارەسەرکردنی کێشەکان بە دڵنیاییەوە کارەباشیان پێدەدرێت و بێکارەبا نابن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ