کوردستان
چەند بارهەگڵگرێک نۆرەیان گرتووە. وێنەکە بازگەی باوەنوور نییە و بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە.
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی گەرمیان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، زیاتر لە مانگێکە بازگەی باوە مەحموود بەڕووی بازرگانان داخراوە و بڕی یەک ملیار دینار بۆ چاککردنەوەی بازگەکە تەرخانکراوە.
سروە محەممەد، نوێنەری گەرمیان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داخستنی ئەو بازگەیە کێشەی زۆری بۆ بازرگانان و شۆفێرانی بارھەڵگر دروستکردووە. ناچارن ئێستا بارھەڵگرەکان لە رێگەی بازگەی چیمەنی کەرکووکەوە کاڵاکانیان بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق بگوازنەوە."
بازگەی باوە مەحموود دەکەوێتە سنووری قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە، بارھەڵگرەکانی دەروازەی پەروێزخان لە رێگەی ئەو بازگەیەوە کاڵا بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق دەگوازنەوە.
رۆژی شەممەی رابردوو، 30ـی ئابی 2025، ئەو پەرلەمانتارە و ژمارەیەک نوێنەری بازرگانانی دەروازەی پەروێزخان، لەبارەی کێشەی گومرگی، ھەناردە و ھاوردەکردن و گرفتەکانی دەروازەکە لەگەڵ سامی سوودانی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەروازە سنوورییەکان و گواستنەوە کۆبوونەوە. سروە محەممەد گوتی: "کۆبوونەوەکە زۆر باش بوو، بەڵێن دراوە کێشەکانی دەروازەکە و هاوردەکردن چارەسەر بکەن."
سروە محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر خراپی ژێرخانی بازگەکە و رێگە و بانەکانی لەگەڵ پارێزگاری دیالە کۆبوونەوە و ئەویش یەک ملیار دیناری بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازگەی باوە مەحموود تەرخانکردووە، ئەمەش بە مەبەستی فراوانکردن و چاککردنەوەی رێگەکە، دروستکردنی شوێنی وەستانی بارھەڵگرەکان، رووناککردنەوە و دابینکردنی ئامێر و کەرەستە و پێویستییەکانی بازگەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ