رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ سێ کرێکار لە نهۆمی 14ـەیەمی باڵەخانەیەک لە شەقڵاوە دەکەونەخوارەوە و یەکێکیان گیانی لەدەستدا. دووانەکەی دیکەش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
موحسین قەسرۆکەیی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەقڵاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ئەو سێ کرێکارە لەکاتی کارکردن لەنێو بەرزکەرەوە کەوتوونەتەخوارەوە. کەسێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە کە "گەنجێکی دانیشتووی گوندی کبۆری دەشتی هەریرە و دوو کرێکارەکەی دیکە بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستییانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە هەولێر کراون."
رووداوەکە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ روویداوە. بە گوتەی موحسین قەسرۆکەیی، ئەو کرێکارەی گیانی لەدەستداوە ناوی محەممەد عەزیزە، تەمەنی 24 ساڵانە و خەڵکی گوندی کبۆری دەشتی هەریرە.
کرێکارە بریندارەکانیش، بەپێی زانیارییەکانی تەندروستیی شەقڵاوە، ناویان (هۆشەنگ مەردان)، تەمەن 22 ساڵ کە دانیشتووی هەریرە لەگەڵ محەممەد شاکر، کە تەمەنی 20 ساڵە و خەڵکی گوندی ئارمەندانە.
ئەو دوو کرێکارە بریندارە، بەهۆی سەختیی برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ