سبەی جووتیارانی کورد و عەرەب لە بەغدا دژی نرخی گەنم خۆپێشاندان دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی یەکشەممە، جووتیارانی عێراق و باشووری کوردستان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بڕیاری حکومەت بۆ دابەزینی نرخی کڕینی گەنم، لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا خۆپێشاندان بکەن. نوێنەرێکی جووتیارانی کەرکووک دەڵێ: "بڕیارەکە گەورەترین ستەمە لە جووتیارانی کەرکووک دەکرێ."
 
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نرخی یەک تۆن گەنم لە 850 هەزار دینارەوە بۆ 700 هەزار دینار بۆ ئەو جووتیارانەی لەنێو پلانی کشتوکاڵیدان کەمکراوەتەوە؛ هەروەها بۆ ئەو گەنمەی لە دەرەوەی پلانەکە بەرهەم هێنراوە، نرخەکەی بۆ 500 هەزار دینار دابەزێنراوە.
 
ساتع ناسح، یەکێک لە نوێنەرانی جووتیارانی کەرکووک، رۆژی شەممە، 9ی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ دابەزینی نرخی کڕینی گەنم نادادپەروەرانەیە. گەورەترین زیان بەر جووتیارانی کەرکووک دەکەوێ، چونکە بەهۆی کێشەی خاوەندارێتیی زەوییەکانەوە زۆربەی زەویی جووتیارانی کەرکووک لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی دادەنرێن و بەمەش هەر تۆنێک گەنمیان بە 500 هەزار دینار لێ وەردەگیرێ. ئەمەش گەورەترین ستەمە."
 
ئەو نوێنەرەی جووتیاران ئاماژەی بەوەش کرد، جووتیارانی کەرکووک بەشدارییەکی کارا لە خۆپێشاندانەکەدا دەکەن بۆ ئەوەی دەنگیان بگەیێنن و گوتی: "داوا لە سەرجەم جووتیاران دەکەین لە خۆپێشاندانەکەدا بەشدار بن و بۆ هاوئاهەنگی و چوون بۆ بەغدا، پەیوەندی بە نوێنەرانی جووتیارانەوە بکەن."
 
بەگوتەی ساتع ناسح، لە خۆپێشاندانەکەی سبەیدا جووتیاران بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە و داواکارییەکانیان دەخەنەڕوو.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 5ی ئایاری 2026 دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخ و پلانی وەرگرتنی گەنمی بەم شێوەیە پەسند کرد:
 
- رەزامەندیی نیشاندا لەسەر هەموارکردنەوەی نرخی گەنم و پلانی وەرگرتنی بنەتۆوی پلە یەک بۆ وەرزی کشتوکاڵیی 2025-2026 بەم شێوەیەی خوارەوە:
 
یەکەم: 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، بۆ ئەوانەی پلانی کشتوکاڵی دەیانگرێتەوە.
 
دووەم: 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، بۆ ئەو بڕانەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین.
 
سێیەم: هەژمارکردنی بەرهەم بە 900 کیلۆگرام بۆ هەر دۆنمێک بۆ ئەو زەوییانەی لە چوارچێوەی سیستمی ئاودێریی نوێدان؛ 750 کیلۆگرام بۆ هەر دۆنمێک بۆ زەوییە بەراوەکان، هەروەها 300 کیلۆگرام بۆ هەر دۆنمێک بۆ زەوییە دێمییەکان.
 
چوارەم: وەرگرتنی بڕی 100 هەزار تۆن لە بنەتۆوی پلەی باڵا، بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.
 
پێنجەم: پشکی هەرێمی کوردستان لە پلانی وەرگرتنی گەنم بۆ وەرزی کشتوکاڵی (2025-2026)، 400 هەزار تۆن دەبێت؛ 292 هەزار تۆنی لەنێو پلاندایە و 108 هەزار تۆنیشی لە دەرەوەی پلاندایە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە