لە کەلار چەند ماتۆڕسوارێک رێگری لە پاسێکی گەشتیاریی عەرەب دەکەن و پۆلیس روونکردنەوە دەدات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، تێیدا چەند گەنجێک بە ماتۆڕسکیل دەیانەوێ پاسێکی گەشتیاریی هاووڵاتییانی عەرەب لە کەلار رابگرن. پۆلیس دەڵێ، "لێکۆڵینەوە دەکەین."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، پاسەکە شەوی رابردوو گەیشتووەتە قەزای کەلار لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی. بەگوێرەی ڤیدیۆکان، لەنێو شاری کەلاردا چەند کەسێک بە ماتۆڕسکیل دەیانەوێ شۆفێری پاسەکە ناچاربکەن بووەستێت و ئەویش تاوەکو نێو بازاڕی شارەکە بەردەوام دەبێت.
 
بەشێکی پەیجە عەرەبییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەوڵەکە رێگری بووە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە لە سۆشیاڵ میدیا شتێکی دەڵێن و ئاماژە بەوەدەکەن کە "گەشتیارەکان لە جامی پاسەکەوە زبڵیان فڕێداوە و بەشێکی زبڵەکە لە ماتۆڕسوارەکانی داوە."
 
عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو شەقامەکان کامێرای چاودێرییان تێدایە و کەس لەنێو شاردا ناتوانێ رێگری لە کەس بکات."
 
عەقید سۆران محەممەد گوتی، "شۆفێرەکە کەلاری جێهێشتووە و بڕیارە دوای دابەزاندنی گەشتیارەکانی بگەڕێتەوە و سکاڵا تۆمار بکات."
 
ڤیدیۆی رێگرییەکە لەلایەن سەرنشینە گەشتیارەکانی نێو پاسەکەوە تۆمارکراوە. هەروەها کاتێک پاسەکە دەگاتە بازاڕی کەلار، چەند گەنجێک بەردی تێدەگرن. عەقید سۆران دەڵێ، "شۆفێر بێت سکاڵا بکات و نەیەت، ئێمە لێکۆڵینەوەی خۆمان دەکەین."
 
عەقید سۆران دەڵێت، "لە رێگەی کامێراکانەوە بەدواداچوونی ورد دەکەین. قسەی جیاواز دەکرێ، بەڵام بابەتەکە دەیهێڵینەوە بۆ دوای لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانین چۆن بووە و چی روویداوە."
 
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی، "رۆژانە سەتان پاسی گەشتیاری لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێنە کەلار و بە کەلاردا تێدەپەڕن، هەرگیز ئاستەنگییەک نەهاتووەتە رێگەیان، بۆیە گومانمان لە هۆکار و چۆنێتی رووداوەکە هەیە و بۆ پاراستنی هەموو گەشتیارێک رێکارە پێویستی و یاساییەکان دەگیرینەبەر."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە