رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێ، لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێردا 500 هەزار نەمامی زەیتوون روێندراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێ: "سوودی زۆری بۆ هەوا و ئابووری شارەکە دەبێت."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پشت شەقامی 150 مەتری و لەنێوان رێگەی پیرمام و بەحرکە، لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژی پشتێنەی سەوزاییدا 500 هەزار نەمامی زەیتوون روێندراون."
پارێزگاری هەولێر گوتی، پڕۆژەکە چواردەوری هەولێر دەگرێتەوە و بە فەرمانی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
ئامادەکارییەکان بۆ قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە لە تەواوبووندان. ئومێد خۆشناو گوتی، "تەواوی پڕۆژەکە هەشت قۆناخ دەبێ. بەرهەمی زەیتوونی قۆناخی یەکەم کە 500 هەزار نەمامە بۆ خواردنی رۆژانە و رۆنی شلی زەیتوون بەکاردەهێندرێ."
بڕیارە لە قۆناخی دووەمی پڕۆژەکەدا فستق بڕوێندرێ. بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، بەهۆی پڕۆژەکەوە "هەولێر دەکەوێتە سەر نەخشەی بەرهەمهێنەرە گرنگەکانی فستق لە ناوچەکەدا."
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر سوودی زۆر بە ژینگەی شارەکە دەگەیێنێ، جیا لەوە سوودی باشی ئابووری بۆ دانیشتووانەکەی دەبێت."
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر سوودەکانی پڕۆژەکە لەم چەند خاڵەدا دەخاتەڕوو:
- رێژەی سەوزایی زیاد دەبێت
- دەبێتە هۆکاری دابەزینی پلەی گەرما
- دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی بەبیابانبوون لە دەوروبەری هەولێر
- دەبێتە هۆکاری زیادبوونی ئۆکسجین
- کەم بووەنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن
- زۆربوونی باڵندە
- سنوورەکە دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری
- سوودی بۆ ئابووی هەولێر دەبێت
- کەمبوونەوەی خۆڵبارین
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 30-10-2025 بەردی بناخەی پشتێنەی سەوزی هەولێری دانا و رایگەیاند، بە تەواوبوونی "پشتێنەی سەوز و رێڕەوی ژیان"، قۆناخێکی دیکە لە هەولێر دەستپێدەکات و دەبێتە یەکێک لە شارە هەرە گرنگەکانی ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ