دانیشتووانی گەڕەکی بەهار لە هەولێر داوای خزمەتگوزاری دەکەن

04-10-2022
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
 تێپەڕبوونی ئاوی زێراب بەنێو گەڕەکی بەهار لە هەولێر. وێنە: رووداو
تێپەڕبوونی ئاوی زێراب بەنێو گەڕەکی بەهار لە هەولێر. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاوی زێراب بەنێو گەڕەکێکی شاری هەولێر تێدەپەڕێت؛ ئەو گەڕەکەی لەلای شارەوانی ناوی بەهارە و لەسەر زاری خەڵکیش بە گەڕەکی کۆرییان ناودەبرێ. وەک دانیشتوویەکی گەڕەکەکە دەڵێت، دڵی پڕ گلەییە کە 8 ساڵە لەگەڵ دراوسێکانی و مامۆستای ئایینی گەڕەکەکەیان دەرگەی بەرپرس نەماوە رووی تێنەکەن. 
 
خورشید قادر، دانیشتوویەکی گەڕەکی بەهارە لە هەولێر و دەڵێت: کێشەی زێراب و شەقاممان هەیە کە دەبێتە زستان دۆخی خەڵک زۆر ناخۆشە، ئۆتۆمبێل ناگاتە ماڵەوە، ناگەنە بازاڕ و شت بێنن. شەقامێکی سەرەکی هەیە هەمووی بەپێ دێینەوە وەکو سەردەمی کۆن. 
 
ئاراس ئەحمەد، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی بەهارە لە هەولێر و گوتی: زۆر سەردان دەکەین هەموو جار دەڵێن، دێین و کەس نایەت، پارەی شەقاممانداوە پارەی هەموو شتمانداوە و کەسیش نایەت هەر پێمان دەڵێن، دێین و نابینین، هەریەکەمان 300 بۆ 400 هەزارمان داوە بۆ دروستکردنی شەقام. 
 
نازدار ساڵح، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە و دەڵێت: ماڵەکەم پڕ ئاوبوو مافوورمان و ماڵمان هەمووی خراپبوو، شەقاممان نییە و منداڵمان لە قوتابخانەیە هیچ ژیانمان نییە. 
 
گەڕەکی بەهار لە کۆتاییەکانی کۆمەڵگەی شاوێسە، شەقامێکی 60 مەتری دوو ساید هەیە کە گەڕەکی هەولێری نوێ و کۆمەڵگەی شاوێس بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەو شەقامە هاتووچۆ بۆ دانیشتووانی گەڕەکی بەهار زۆر ئاسان دەکات، بەڵام ئەویش قیرتاو نەکراوە و دەڵێن، زستانان لەبەر قوڕ و لیتە زۆرجار ئۆتۆمبێل ناتوانێ بڕواتە نێو گەڕەکەکە. 
 
کاروان سەلاحەددین، دانیشتوویەکی گەڕەکی بەهارە لە هەولێر و گوتی: "خێرخواز هەندێک جار بە خێری خۆیان بلدۆزەر بەکاردەهێنن هەندێک چاکی دەکەن و دەتوانین هاتووچۆ بکەین، بەڵام کە باران باری ناتوانین چونکە هەمووی دەبێتە قوڕ." 
 
ساڵی رابردوو، بە بودجەیەکی تەرخانکراو لەلایەن حکومەت ئاوەڕۆ بۆ چەند کۆڵانێک دروستکرا و قیرتاوکران، بە گوتەی شارەوانی ئەو بودجەیەی تەرخانکرابوو بەشی هەموو گەڕەکەکەی نەکردبوو. قاسم محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی شاوێس بە رووداوی گوت: ئەوەی ماوەتەوە ئێمە کەشفێکی دیکەمان بۆ کردووە هەموو کۆڵان و شەقامەکان دەگرێتەوە بە ئاوەڕۆ و شۆستە و قیرتاوکردنیش و نووسراو بە دەرخستەی تەواو بەرزکراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە گوژمەی 570 ملیۆن دینار. 
 
زەوییەکانی گەڕەکی بەهار لە ساڵی 2006، وەک قەرەبوو درابوون بە بەشێک لەو کەسانەی دانیشتووی شاوێس بوون و بەشێکیشی درابوون بە کرێچیەکانی شاوێس. ئێستا نزیکەی 400 ماڵ لەو گەڕەکە دەژین. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی چاغلایانی لە ئیستەنبووڵ

14 یاریزان لە تورکیا دەستگیرکران

کێشەی گرەوکردن لەنێو خولی تۆپی پێی تورکیا قووڵتر دەبێتەوە، 29 کەسی دیکە دەستگیرکران، لە نێویاندا سەرۆکی پێشووی یانەیەکی بەنێوبانگ و چەندین یاریزانی خولە جیاوازەکان هەن.