رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە گەنجێک بەناوی محەممەد کە تاقانەی شەش خوشکە، دوای کەوتنەخوارەوەی لە ئاسانسواری پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شەقڵاوە، گیانی لەدەستدا.
محەممە عەزیز، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ بوو، دوای کاژێرێک لە رووداوەکە، لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر گیانی لەدەستدا. سابیر ئەحمەد، کەسوکاری محەممەد بە رووداوی گوت، "دوو هەفتە پێش ئێستاش خاوەنی کۆمپانیاکەمان ئاگادارکردەوە کە بەرزکەرەوەکە تەواو نییە و سیمەکەی کۆن بووە. گوتی پێمان گوتووە، بەڵام گرنگی بە قسەکەی نەدا و گوتی کە جیهازەکەم لێدا، راست سیمەکە پساو هاتەخوارێ."
ئەنەس دارۆ، یەکێک لەو گەنجانەیە کە لە هەمان ئەو پڕۆژەیەدا کار دەکات و دەڵێت، "سێ کەس بوون، شۆفێری بەرزکەرەوەکە و دوو کرێکار مەوادیان بارکرد و ئەوانیشی تێدابوون. لە قاتی 11 یان 12 بوو ئاسانسوارەکە هاتەخوارێ، ئێمەش هەڵهاتین، کە چووینە سەریان، شێواوبوون زۆر، شۆفێری ئاسانسوارەکە قۆڵێکی لێببووەوە و ئەوانی دیکەش زۆر بێسەروبەر ببوون."
کەسوکاری قوربانییەکە تووڕە و ناڕازین، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، ئەمە یەکەمجار نییە و سەلامەتیی کرێکاران لە پڕۆژەکاندا لەبەرچاو ناگیرێت.
جەمیل مارف، یەکێکی دیکەیە لە کەسوکاری محەممەد و باسی لەوە کرد، "چەندین خەڵک لەو بینایانە کەوتنەخوارەوە و بوونە قوربانی، ئیشەکەی ئێوە زۆر جوانە و ئەو پەیامە دەگەیێنن، بەڵام کێ هەیە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوان بکات؟ کوا مەرجەکانی سەلامەتی لەو بینایانە؟"
جگە لە محەممەد عەزیزی تەمەن 23 ساڵ، هۆشەنگ هێمنی تەمەن 25 ساڵ و محەممەد شاکری تەمەن 20 ساڵیش لە رووداوەکەدا بە سەختی برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ