رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەڵمەتی گەڕانەوەی بۆ خوێندن راگەیاند، لە سبەینێوە ئەوانەی لە 6 ساڵییەوە تاوەکو 50 ساڵی لە خوێندن دابڕاون، دەتوانن بگەڕێنەوە.
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ خوێندنی ساڵی (2025 - 2026) رادەگەیێنن کە لە سبەی یەکشەممە 05-10-2025ـەوە دەستپێدەکات و 16 رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەڵمەتەکە ساڵانە بە هاوئاهەنگیی رێکخراوی یونسکۆ بەڕێوەدەچێت. ئامانجی وەزارەت گەڕانەوەی ئەو قوتابییانەیە کە بە هەر هۆکارێک بێت لە خوێندن دابڕاون."
لە راگەیێندراوەکەدا چەند خاڵێک بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندن خراونەتەڕوو، کە ئەمە نێوەڕۆکەکەیەتی:
- هەر منداڵێک بە هەر هۆکارێک نەچووەتە قوتابخانە و تەمەنی لەنێوان 6 بۆ 9 ساڵە، مافی هەیە لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆماربکرێ یان بە دەستنیشانکردنی ئاست بە گوێرەی تەمەن پۆلی بۆ دیاری دەکرێ.
- هاووڵاتیی تەمەن 10 ساڵ بۆ 23 ساڵ بۆ کوڕ و 10 بۆ 24 ساڵ بۆ کچ کە تاوەکو ئێستا نەچووبێتە بەر خوێندن، مافی هەیە لە خوێندنی خێرا وەربگیرێ. ئەگەر چەند قۆناخێکی خوێندن بێت، مافی هەیە لە خوێندنی خێرا درێژە بە خوێندن بدات.
- قوتابی قۆناخی بنەڕەتی بەردەوام دەبێ لە خوێندنی رۆژ تاوەکو تەمەنی 16 ساڵ، هەرچەند ساڵ کەوتبێت. ئەگەر ئەو هاووڵاتییە تەمەنی زیاتر لە 16 ساڵ بێت و دوو ساڵ تێپەڕی بێت بەسەر وازهێنانی لە خوێندن، مافی هەیە لە خوێندنی خێرا یان خوێندنی ئێواران بخوێنێت، بە مەرجی ئەوەی لە خوێندنی ئێواران لە قۆناخی بنەڕەتی نابێت تەمەنی 45 ساڵ زیاتر بێت و لە قۆناخی ئامادەیی 50 ساڵ زیاتر بێت.
- قوتابی بازنەی یەکەمی تەواو کردبێ لە دوای پۆلی چوار یان پێنج وازی هێنابێت لە خوێندن و ئێستا تەمەنی قوتابی 22 ساڵ بۆ کچ و 24 ساڵ بۆ کوڕ دەتوانێت لە رێگەی خوێندنی دەرەکی ناو تۆمار بکات و خوێندن تەواو بکات.
- ئەگەر قوتابی تەمەنی بۆ ئامادەیی نەگونجا، دەتوانێت لە خوێندنی دەرەکی بخوێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ