رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە ساڵێکە شەش ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنیان بایکۆت کردووە و ئێستا سەرۆکی ئەنجوومەنەکە پلانی هەیە دۆسیەکەیان بباتە ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە. ئەندامێکی بایکۆتکراو دەڵێت، "بایکۆتەکردنەکەمان سیاسییە."
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەن کرا کە تاوەکو ئێستا بەشداریی کۆبوونەوەکان ناکەن."
عەبدوڵڵا میروەیس، کە ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئاماژەی بەوەدا کە محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاندووە، نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکات و ئامانجەکەش ئەوەیە بزانرێ لە رووی یاساییەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەندامانە بکرێ کە کۆبوونەوەکان بایکۆت دەکەن.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت. لە کۆبوونەوەی رۆژی 30ی مانگی رابردوودا 10 ئەندام ئامادەبوون، لەکاتێکدا شەش ئەندام بەردەوامن لە بایکۆتکردن. ئەو شەش ئەندامە بریتین لە دوو ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو عەرەب و دوو تورکمان.
شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بایکۆتەکەمان سیاسییە؛ بە بڕیاری سەرکردایەتی پارتی بایکۆتمان کردووە و دەمانەوێ هاوبەش بین، نەوەک بەشدار."
ئەندامە بایکۆتکراوەکەی ئەنجوومەن گوتی، "سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک چەند جارێک هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە رێکاری یاساییمان بەرامبەر دەگرێتەبەر."
پێشتر چەند جارێک پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوایان لەو ئەندامانە کردووە کۆتایی بە بایکۆتەکەیان بهێنن و بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکەن.
بایکۆتکردنی ئەم ئەندامانە لە رۆژی 10ی ئابی 2024ەوە بەردەوامە، کاتێک ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتی خۆجێیی هەڵبژارد. لەو کۆبوونەوەیەدا رێبوار تەها وەک پارێزگار و محەممەد حافز وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران. ئەو شەش ئەندامەی ئێستا بایکۆتیان کردووە، ئەو کۆبوونەوەیەیان بە نایاسایی زانی.
بەگوێرەی یاسای ئەنجوومەنی دەوڵەت، ئەم ئەنجوومەنە ئەرکی راوێژکاریی یاسایی هەیە لەو پرسانەی کە لایەنە باڵا پەیوەندیدارەکان وەک سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان، دەیانخەنە بەردەمی. بەڵام ئەگەر پرسەکە پەیوەندیدار بێ بە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەک لە نێوان وەزارەتەکان و دامەزراوە سەربەخۆکان، ئەوا بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەبێتە بڕیارێکی پابەندکەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ