رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو وەک قۆناخی یەکەم لە پارێزگای سلێمانی دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران کرا. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "سبەی جووتیارانی پارێزگای هەولێریش شایستەکانیان وەردەگرن".
وەک قۆناخی یەکەم 57 ملیار دینار وەکو شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نێردراوە، 25 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە، 20 ملیار دینار بۆ جووتیارانی پارێزگای هەولێر و 12 ملیار دیناریشی بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆکە.
رۆژی شەممە،04ـی تشرینی یەکەمی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی وەک قۆناخی یەکەم دەست بە دابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکرێت، بەڵام وەک سەرەتا ئەو جووتیارانە سوودمەند دەبن کە لە 50 تۆن گەنم کەمتریان رادەست کردووە".
بڕیارە جووتیاران لە بانکی TBI پارەکانیان وەربگرن. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "رۆژانە 100 جووتیار چەکیان پێدەدرێت و دەتوانن بچن شایستە داراییەکانیان وەربگرن".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە پارێزگای دهۆک تاوەکو ئێستا دەفتەری چەکی پارە بۆ سایلۆکان نەبراوە و رێکارەکان تەواو نەبوون، چاوەڕێی TBI دەکەن و بڕیارە سبەی نیوەڕۆ ئاگادار بکرێنەوە.
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 10ی حوزەیران دەستی پێکرد و تاوەکو 20ی تەممووز بەردەوام بوو. هەروەها 30ـی ئەیلوول دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی دەستیپێکرد.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی زیاتر لە 300 ملیار دینارە.
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 158 هەزار تۆن بوو، هەروەها پشکی پارێزگای هەولێر 122 هەزار تۆن و دهۆکیش نزیکەی 118 هەزار تۆن بوو.
ساڵی رابردووش حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەڵام ئەم ساڵ بڕەکەی کەم کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ