رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەم ساڵ نزیکەی 54 هەزار قوتابی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش دەڵێت: "لانیکەم هەفتەیەک بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکان پێویستە."
رۆژی شەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2025، د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەوی 2ـی تشرینی یەکەم، کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین تەواو بوو، قوتابییەکی زۆر فۆڕمیان پڕکردووەتەوە."
لەبارەی کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکانی زانکۆلاین، د. خەتاب ئەحمەد گوتی: "لانیکەم پێویستی بە هەفتەیەکە، ئەگەر هیچ کێشەیەکی نەیەتە پێش، لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەنجامەکان رادەگەیێنین، چونکە رێکارەکان وردن و زۆر قوتابیش داواکارییان پێشکێش کردووە."
ئەم ساڵ زیاتر لە 57 هەزار قوتابی قۆناخی ئامادەییان تەواو کردووە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ رووداو، تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەوی 02ـی تشرینی یەکەم، نزیکەی 53 هەزار و 500 قوتابی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە.
لەبارەی ئامارەکان، بەرپرسێکی خوێندنی باڵا بە رووداوی گوت: "ئەو ئامارانە ژمارەی کۆتایی نین، بەڵکو زۆر قوتابخانەی ئەهلی و زۆر بەشی وەکو وەرزش بە شێوازی راستەوخۆ فۆڕم پڕدەکەنەوە، ئەوانیش ماون".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەم ساڵ 57 هەزار و 980 قوتابیی بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان دەرچوون، لەوانە: 42 هەزار و 257 دەرچووی بەشی زانستی، 13 هەزار و 826 دەرچووی بەشی وێژەیی، هەزار و 327 دەرچووی ئامادەیی پیشەیی و 570 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن.
23ـی ئەیلوول، زانکۆلاین کارا کرا. ئەمساڵ دەرچووان دەتوانن لە 680 بەشی 16 زانکۆدا بە هەر سێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران) داواکاری پێشکێش بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ