رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، دەیان پێشێلکاریی بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمار کراون. سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنیش سەبارەت بە سزاکان دەڵێت، سزای دارایی لە یەک ملیۆن تاوەکو 50 ملیۆن دینارە، دەستبەسەرکردنیش لە مانگێک تاوەکو یەک ساڵە و دوورخستنەوەش لە هەڵبژاردن هەیە.
عەلی عەباس، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێش دەستپێکردنی بانگەشەی بەربژێرەکان، چەندین پێشێلکاریی جۆراوجۆر لەلایەن بەربژێرەکانەوە لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە تۆمارکران."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.
عەلی عەباس گوتی، "لیژنە تایبەتمەندەکان پێشێلکارییان تۆمارکردووە و راپۆرتیان لەبارەیانەوە بۆ بەغدا ناردووە تاوەکو سزاکانی پێشێلکاران دەربکرێ. سزاکان بەگوێرەی قەبارەی پێشێلکارییەکە جیاوازن و رەنگە سزای دارایی بن یان تەنانەت بگاتە دوورخستنەوە لە هەڵبژاردن."
بەرپرسی نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک هۆشداریشی دا "کە ئەگەر بانگەشەی تائیفی یان مەزهەبی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن تۆمار بکرێ، سزاکە رەنگە بگاتە دوورخستنەوەی بەربژێر لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن."
سەبارەت بە سزاکان، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سزای دارایی لە یەک ملیۆن دینارەوە تاوەکو 50 ملیۆن دینارە، لەگەڵ سزای زیندانیکردن لە یەک مانگەوە تاوەکو ساڵێک. ئەگەر سەرپێچییەکە گەورە بێت، ئەوا بەربژێرەکە دووردەخرێتەوە. ئەو رێکار و سزایانە تاوەکو راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بەردەوام دەبن."
دوێنێ هەینی 3ی تشرینی یەکەمی 2025، هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ