دوایین رۆژی فیستیڤاڵی هەنارە لە هەڵەبجە؛ زیاتر لە 190 هەزار کەس سەردانیان کردووە

04-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رۆژی سێیەم و دوایین رۆژی فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەیە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 190 هەزار کەس سەردانی فیستیڤاڵەکەیان کردووە.

ئەمڕۆ شەممە، 4ـی 11-2023، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دوایین رۆژی فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەیە؛ لە دوو رۆژی رابردوودا فیستیڤاڵەکە بە رێکوپێکی بەڕێوەچووە و هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە".
 
لەبارەی ژمارەی سەردانیکارانەوە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە گوتی، بەگوێرەی ئاماری بەردەستیان کە لە بازگەکان وەریانگرتووە، لە یەکەم رۆژ و دووەم رۆژی فیستیڤاڵەکەدا زیاتر لە 190 هەزار کەس سەدانیان کردووە. گوتیشی، "سەردانیکارانی ئەمساڵ زۆر زیاترن لە پار".
 
دوێنێ ئاستەنگیی هاتووچۆ بۆ بەشێکی شۆفێران لە رێگەی هەڵەبجە دروستبوو. ستار مەحموود دەڵێت، رێگەی سلێمانی بۆ هەڵەبجە تەواوی دووسایدە و گرفتی رێگە نەبووە و ئەوەی هەبووە بەهۆی زۆریی ژمارەی سەردانیکارانەوە بووە. گوتیشی، "پۆلیسی هاتووچۆ و لایەنە ئەمنییەکان بەگشتی هاوکارێکی باشمانن؛ زۆر بە باشی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلیان رێکخستووە".
 
نۆیەمین فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە کاژێر 10ـی بەیانیی 2ـی 11 دەستیپێکرد. ئەمڕۆ دوایین رۆژیەتی و تێیدا 50%ی بەرهەمەکان تایبەتە بە هەنار و ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەی لەکاتی پێگەیشتندان؛ نیوەکەی دیکەی تایبەتە بە کاری دەستی و خواردنە کوردەوارییەکان. جگە لە هەنار، گوێزی هەورامان، توو، سرکە، هەنگوین، دۆشاو و بەرهەمەکانی دیکەی ناوچەکە نمایش دەکرێن.
 
هەناری هەڵەبجە بەناوبانگە و نزیکەی نیوەی بەرهەمی هەناری هەموو کوردستان لەو پارێزگایەدایە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، ساڵی رابردوو بەرهەمی هەناری هەڵەبجە نزیکەی 11 بۆ 12 هەزار تۆن بوو. 
 
لە هەڵەبجە نۆ هەزار دۆنم زەویی باخی هەنار هەن، ئەگەر بەرهەم 100% بێت، ساڵانە نزیکەی 30 هەزار تۆن بەرهەم دەبێت. فیستیڤاڵی هەنار ساڵی رابردوو 24 و 25ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو. بەگوێرەی خەمڵاندنی ئامادەکارانی فیستیڤاڵی هەنار لە ساڵی 2022، زیاتر لە 200 هەزار کەس سەردانی فیستیڤاڵەکەیان کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.