رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان وەکو باشترین رێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران خەڵاتکرا. هەزار و 33 ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی لەسەر ئاستی ئێران بەشداربوون. لە کۆتاییدا 7یان وەکو باشترین ئەنجوومەن هەڵبژێردران کە سێیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
لە 22ـەمین خەڵاتی ناسراوی 'مێهرەگان'ـی ئێران، ژمارەیەک لە نووسەران، وەرگێڕان و ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵاتکران.
رێکخراوی میهرەگان لە دیارترین رێکخراوەکانی سڤیلی ئێرانە و خەڵاتی دوو خولی 22 و 23ی دابەشکرد. ناوەندی رێکخراوەکە لە تارانی پایتەختی ئێرانە و رۆژی پێنجشەممە رێوڕەسمی پێشکێشکردنی خەڵاتەکەی لە ماڵی بیرمەندانی زانستە مرۆییەکانی تاران بەڕێوەچوو.
ژمارەیەک لە نووسەران، وەرگێڕان و هەروەها رێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵاتکران. لەم خولەدا، رۆمانی "ئەو" لە نووسینی زاهید بارخودا، نووسەری خەڵکی مەریوان خەڵاتی باشترین رۆمانی ساڵی ئێرانی پێبەخشرا و لە بەشی رۆمان بە زمانی دایکیشدا، رۆمانی "باڵندەکانی دەم با"ی عەتا نەهایی لە وەرگێڕانی رەزا کەریم مجاور، خەڵاتی باشترین رۆمانی وەرگێڕدراوی پێبەخشرا. هەروەها کۆمەڵە چیرۆکی کۆکراوەی کوردی بە وەرگێرانی رەزا کەریم مجاور، خەڵاتی باشترین کۆمەڵە جێرۆکی وەرگێڕدراوی پێبەخشرا.
لە بەشی لاوەکیی مێهرەگانیشدا، ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان وەک باشترین رێکخراوی ژینگەپارێزی هەڵبژێردرا و ئەنجوومەنی سەرڤی سەوزی داڵاهۆ لە کرماشان و بەڕووەڤانانی پاسکیلسواری سەردەشتیش خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشرا.
فەرهاد مەولوودی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان بە رووداوی راگەیاند، "خەڵاتەکە پێشکێشدەکەم بە هەموو شەهیدانی ژینگەی کوردستان، بەتایبەتی شەریف باجوەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ