رووداو دیجیتاڵ
لە دهۆک یاریی نێوان یانەی زاخۆ و دهۆک گرژی تێکەوت و شەڕ و پێکدادان لەنێوان هاندەرانی هەردوولا دروستبوو، بەهۆیەوە زیاتر لە 30 کەس لە هاندەرانی هەردوو یانە و هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.
لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی عێراق، کاژێر 19:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 04-11-2023) هەردوو یانەکانی دهۆک و زاخۆ رووبەرووی یەکدی بوونەوە و بە گۆڵێک بەرامبەر بوون، بەڵام دوای یارییەکە شەڕ لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانە دروست بوو.
حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک گوتی "شەڕی هاندەرەکان لەنێو یاریگەکەوە پەلی کێشا بۆ دەرەوەی یاریگە و جگە لە برینداربوونی هاندەران و هێزە ئەمنییەکان، زیانی زۆر بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانیش کەوتووە."
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی دهۆک لەبارەی دوایین ئاماری بریندارانی پێکدادانی لایەنگرانی یانەی زاخۆ و دهۆک بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، 22 هاندەر و 11 پۆلیس لە ئەنجامی شەڕەکەدا بریندار بوون.
بە وێنە؛ بەهۆی شەڕی هاندەرانی یانەکانی دهۆک و زاخۆ، زیانی ماددی بە هەندێک ئۆتۆمبێل گەیشتووە pic.twitter.com/qQdgLurEC3
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 4, 2023
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی دهۆک "لە کۆی ئەو بریندارانەی گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، دوو لە هاندەران بەهۆی بەرکەوتنی چەقۆوە بریندار بوون و هەر ئەو دووانەش لە نەخۆشخانە هێڵراونەتەوە، سەرجەم بریندارانی دیکە دوای وەرگرتنی چارەسەر، رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ