مانگێک و 20 رۆژە لە سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتی مامۆستایان بەردەوامە؛ 'بە مووچەی مانگێک ناگەڕێینەوە'

04-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مانگێک و 20 رۆژ بەسەر بڕیاری دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان تێپەڕی، بەڵام لە پەروەردەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە. نوێنەرێکی مامۆستایان دەڵێت، بە دابەشکردنی مووچەی مانگێک ناچنەوە قوتابخانەکان. یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش دەڵێت، ئومێدێک هەیە بۆ گەڕانەوەی مامۆستایان.
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 6-11-2023، مووچەی مانگی ئابی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت. مووچەی مانگی ئابی وانەبێژانیش چەند رۆژێک لەمەوبەر دابەشکرا، بەڵام بایکۆتی مامۆستایان لە بەشێکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە. ئەمڕۆ شەممە، 4ـی 11-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەكێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب هیچ مامۆستایەک ناگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەکان؛ تاوەکو داواکانمان جێبەجێ نەکرێن، ناگەڕێینەوە قوتابخانەکان و بایکۆت بەردەوام دەبێت".
 
ئەو مامۆستایە گوتی، داواکان و هەڵوێستیان "نەگۆڕە" و چاوەڕوانی جێبەجێکردنیان دەکەن. لەبارەی داواکانیشیانەوە گوتی، "مامۆستایانی دامەزراو (میلاک) دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول لەگەڵ ئاب و بەرزکردنەوەی پلەکانیان مەرجی گەڕانەوەیانە بۆ دەوام؛ وانەبێژانیش داواکارییان دامەزراندنیانە بەشێوەی گرێبەست".
 
هەر لەو بارەیەوە عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە چەند لایەکەوە هەوڵ و ئومێد هەیە کە دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی ئاب بایکۆت نەمێنێت و مامۆستایان بگەڕێنەوە قوتابخانەکان".
 
عەبدولواحید محەممەد کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستی وەرگرتووە، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەکرا زووتر مووچەی مانگی ئابی مامۆستایان بدرایە، بۆ نموونە لە داهاتی ناوخۆ مووچەکە بدرایە و کەشەکە لەبارتر دەبوو بۆ گەڕانەوەی مامۆستایان. ئێستاش ئومێد دەکەین لە زووترین کاتدا بگەڕێنەوە قوتابخانەکان".
 
13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە، جگە لە چەند قوتابخانەیەکی ئەو سنوورانە کە دەوامی پۆلی 12یان دەستپێکردووەتەوە.
 
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.