رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر و بەڕێوەبەرانی کارگێڕیی سنووری پارێزگای هەولێر دەنگۆی هێرشکردنەسەر بنکەی سەربازیی هەریر لەلایەن گرووپی "بەرگریی ئیسلامی لە عێراق" رەتدەکەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 04ـی 11-2023، گرووپێک بەناوی "بەرگریی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە هەریر بۆردوومان کردووە و ئامانجی خۆیان پێکاوە.
لەوبارەیەوە شێروان جەلال، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە چەند رۆژی رابردوودا هیچ بۆردوومانێکی سنووری هەریر نەکراوە و ئەوەی بڵاوکراوەتەوە هیچ بنەمایەکی راستی تێدا نییە".
رووداو لەگەڵ دوو بەرپرسی دیکەی باڵای پەیوەندیدار لە سنوورەکە قسەی کرد؛ هەردوو بەرپرسەکە رەتیانکردەوە لە چەند رۆژی رابردوودا هیچ بۆردوومانێکی سنووری هەریر و فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر کرابێت.
18ـی مانگی رابردوو، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ رووداو ناردبوو، رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا سوپای ئەمریکا سێ درۆنی لە نزیک هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە رۆژئاوا و باکووری عێراق تێکشکاندووە، کە یەکێکیان لە بنکەی ئاسمانیی هەریر بوو و "لە ئەنجامدا هیچ زیانێکی نەبووە".
لە دوای شەڕی نێوان چەکدارانی حەماس و ئیسرائیل لە 7ـی مانگی رابردووەوە، ناوبەناو گروپە چەکدارەکانی عێراق هێرش دەکەنەسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
رۆژی 31-10-2023 پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن گوتی، لە ماوەی 3 هەفتەی رابردوودا 27 جار هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا؛ ئاماژەی بەوە کرد کە 16یان لە عێراق بوون و 11ـەکەی دیکەیان لە سووریا.
7-8-2023، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگی لەسەر هێنانە کایەی قەزای هەریر دا. ئەمڕۆ شەممە عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کە بەهۆی بڕیارێکی دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە کارەکانیان هەڵپەساردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە بڕیاری بە قەزابوونی هەریرمان دا و رەوانەی پارێزگای هەولێرمان کرد، لە پارێزگای هەولێرەوە رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کرا؛ لەوێشەوە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران هەرێمی کوردستان کراوە و دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانیش ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی بکات و فەرمانی هەرێمیی بۆ دەربچێت ئەو کاتە بە فەرمی دەبێتە قەزا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ