ئەنجوومەنی شاری کرماشان هەڵوەشایەوە و پارێزگار ئەرکەکان بەڕێوەدەبات

04-11-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری شار و ئەنجوومەنە ئیسلامییەکانی پارێزگای کرماشان دەڵێ، ئەنجوومەنی شاری کرماشان بە فەرمی هەڵوەشاوەتەوە و پارێزگار ئەرکەکان بەڕێوەدەبات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2025، سەعید سەلیم ساسانی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری شار و ئەنجوومەنە ئیسلامییەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، "بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی شاری کرماشان بە فەرمی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەوە بە قایمقامی کرماشان راگەیێندراوە."
 
سەعید سەلیم ساسانی گوتی، "لە رێککەوتی راگەیاندنی بڕیارەکەوە ئەنجوومەنی شاری کرماشان هەڵوەشاوەتەوە و بەپێی مادەی 127ی یاسای ئەنجوومەنەکان، پارێزگاری کرماشان هەموو ئەرک و کاروبارەکانی پەیوەست بەو ئەنجوومەنە بەڕێوەدەبات."
 
21ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، نادر نۆروزی، سەرۆکی ئەو کاتی شارەوانیی کرماشان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد و لە کۆبوونەوەی 27ی تەمموزی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی شاری کرماشان رەزامەندی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی دەربڕی و لە هەمان کۆبوونەوەدا حەمید ئیعتسامفەر بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری کرماشان بە شێوەیەکی کاتی وەکو سەرپەرشتیاری شارەوانیی شارەکە هەڵبژێردرا.
 
رۆژی 25-09-2025 سەعید سەلیم ساسانی رایگەیاند، کۆبوونەوەیەک بۆ پێداچوونەوە بە دۆخی ئەنجوومەنی شاری کرماشان کرا و بە پشتبەستن بە راپۆرتی قایمقامی ئەو شارە بڕیاردرا ئەنجوومەنەکە هەڵبوەشێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە