رووداو دیجیتاڵ
سەرباز هەورامی بەناوی بنەماڵەی نادر هەورامییەوە روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و باس لە رۆڵی ماڵباتەکەی لە شۆڕشەکانی گەلی کوردستان دەکات و دەڵێت، "لە سەرەتای رۆژانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزنەوە تا شۆڕشی گوڵان و راپەڕین، نادر هەورامی و هەڤاڵانی لە هەڵەبجە و هەورامان و تەواوی کوردستان بە بوێری و پرەنسیپەوە ئاڵای بەرخۆدانیان هەڵگرت. قوربانیدانەکانیان ئاماژەی رەمزی نەبوو، بەڵکو بەشداریی راستەقینە بوو بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و بۆ دیدگای هەمیشەیی بارزانی، ئەمڕۆش کوڕ و کەس و کار و دڵسۆزانی درێژەپێدەری رێبازەکەین."
ئەمڕۆ سێشەممە 04-11-2025 سەرباز هەورامی، کوڕی کۆچکردوو نادر هەورامی بەناوی بنەماڵەی نادر هەورامییەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە، "لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بە داخەوە، تێبینیمان کرد کە لایەنێکی سیاسی دوور لە ئاکار و پرنسیب هەوڵیان داوە ناوی (کاک نادر هەورامی و بنەماڵەکەی) بۆ مەبەستێکی نەخوازراو لە دەرەوەی ویستی ئێمە بە خراپ بەکاربهێنن، سوودیان لە خزمێکی ئێمە وەرگرتووە کە تووشی کێشەی تەندروستی و لەدەستدانی یادەوەری بووە و هەر ئەم کەسەشیان بەکارهێناوە بۆ نیشاندانی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بۆ پشتیوانی لە حزبێکی سیاسی."
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "ئێمە بە روونی رایدەگەیەنین چەند کەسێک لەو کەسانە هەر ناشناسین کە لە ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەون. بۆیە ئەوەی کراوە کردەوەیەکی سیاسی نییە؛ ئیستغلالکردنی دۆخی تەندروستی مرۆڤە بۆ بانگەشەکردنی سیاسی، کارێکی ناسیاسی و نائەخلاقییە."
سەرباز هەورامی دەڵێت، "مێژووی ماڵباتەکەمان کاڵای هیچ بازاڕێکی سیاسەت نییە و بەشێکە لە میرات و سەروەی نەتەوەکەمان و زنجیرەیەکە لە رێبازی پیرۆزی کوردایەتی رێبازی بارزانی. لە سەرەتای رۆژانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزنەوە تا شۆڕشی گوڵان و راپەڕین، نادر هەورامی و هەڤاڵانی لە هەڵەبجە و هەورامان و تەواوی کوردستان بە بوێری و پرەنسیپەوە ئاڵای بەرخۆدانیان هەڵگرت. قوربانیدانەکانیان ئاماژەی رەمزی نەبوو، بەڵکو بەشداریی راستەقینە بوو بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و بۆ دیدگای هەمیشەیی بارزانی، ئەمڕۆش کوڕ و کەس و کارو دڵسۆزانی درێژەپێدەری رێبازەکەین."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئێمەی بنەماڵەی نادر هەورامی لە رێبازی مێژوویی خۆماندا، رێبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستاندا، رێبازی قوربانیدان و دەستپاکی و دڵسۆزی بۆ نەتەوەی کورد بە یەکگرتوویی و چەسپاوی دەمێنینەوە. قەناعەتەکانمان رەگ و ریشەی لە مێژوو و ویژداندا هەیە؛ هیچ پڕوپاگەندەیەک ناتوانێت بیهەژێنێت."
بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، لە چەند پەیجێکدا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا وەهاب هەڵەبجەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان تەوقە لەگەڵ ژمارەیەک کەس دەکات و وەک "کەسوکار و بنەماڵەی بەڕێزی کۆچکردوو (نادر عەلی موراد ناسراو بە نالە هەورامی) ناسێندراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ