رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە دەستگیرکردنی، ئەمڕۆ سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە سلێمانی دەبوو ببرێتە بەردەم دادوەر، بەڵام پارێزەرەکەی دەڵێت، "دانیشتنەکە دواخرا بۆ کۆتایی ئەم مانگە، چونکە تۆمەتبار نەهێندرایە دادگا".
ئارام قادر، کەسایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە حیزبەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی هەبووە، دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، تاوەکو ئۆکتۆبەری پار دەستی لەکارکێشایەوە.
ئارام قادر لە 12ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەستگیرکرا، بە گوتەی پارێزەر و کەسوکارەکەی بۆ رووداو، دەبوو ئەمڕۆ 04-11-2025 ببرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی.
بەکر حەمەسدیق، پارێزەری ئارام قادر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاک ئارام لای دژەتیرۆر زیندانییە و ئەمڕۆ ئەو هێزە ئامادە نەبوون بیهێننە دادگەی سلێمانی، بۆیە دادوەر بڕیاری دا دانیشتنەکە دوابخات".
ئەو پارێزەرە گوتی: "ئەمڕۆ و رابردووش رێگە نەدراوە ئارام قادر ببینم، ئەمڕۆ لە دادگاوە پەیوەندی بە دژەتیرۆرەوە کرا، بەڵام وەڵامی دادگاشیان نەدایەوە".
دانیشتنی دادگا بۆ دۆسیەی ئارام قادر دواخراوە بۆ 30-11-2025.
بەکر حەمەسدیق گوتی: "ئارام قادر بە مادەی 01 لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 تۆمەتبار کراوە، کە تایبەتە بە کاری سیخوڕی".
بە گوتەی پارێزەرەکەی، ئەگەر تۆمەتەکە بەسەر ئارام قادردا ساخبێتەوە، بەگوێرەی مادەکە لە 5 بۆ 15 ساڵ زیندانی دەکرێت.
ئەحمەد، کوڕە گەورەی ئارام قادر بە رووداوی گوت: "چەند جارێک سەردانی باوکممان کردووە و دوایین جار 10 رۆژ لەمەوبەر بینیمان، بەڵام جگە لە هەواڵپرسین، رێگە نەدراوە بە هیچ شێوەیەک باسی کەیسەکەی بکەین".
لەبارەی تۆمەتەکەوە کوڕەکەی ئارام قادر گوتی: "باوکم پۆستی هەستیاری هەبووە، لە بزووتنەوەی ئیسلامیدا بەرپرسی رێکخستن بووە، لە کۆمەڵی دادگەری بەرپرسی پەیوەندییەکان بووە، خۆی سەرۆکی هاوپەیمانی بووە، بەهۆی پۆست و ئەرکە سیاسییەکانییەوە، باوکم پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتان هەبووە، لەنێویاندا تورکیا، ئێران و وڵاتانی کەنداو. ئەوە یەکێتی و حکومەتیش زانیویانە، چونکە شاراوە نەبووە."
08-10-2025 دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، چەندین جار هەوڵیانداوە سەردانی ئارام قادر بکەن، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.
دەستەکە رایگەیاند: "لە 9-9-2025 نووسراومان ئاراستەی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی کرد کە ئاسانکاری و هاوکاریان بکرێ. هەروەها چەندین جار داوامان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە رێگە بە ئەندامێکی دەستە بدەن، سەردانی بکات بۆ ئاگادار بوون لە رەوشی تەندروستی و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵی لەڕووی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگەیان پێنەدراوە".
دەستەی مافی مرۆڤ بە پشتبەستن بە یاساکەی کە لە ساڵی 2010 دەرچووە، بە مافی خۆی دەزانێ بەدواداچوون بکات لە چاکسازییەکان و بەندیخانەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ