تاڵاوی دوورگە سەنگی لە نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی وشکبوو

04-11-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

تاڵاوی دوورگە سەنگی لە نزیک شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان جاران پڕئاو و سەوز بوو، ئێستا یەک دڵۆپی ئاوی تێدا نەماوە. 
 
مەحموود ئەحمەدی، هاونیشتمانی دەڵێت: "ئەوە پێشتر کە ئاوی تێدا بوو، کانیاوی لێ هەبوون، ئێستا کانیاوەکان وشکبوونەتەوە. هۆکارێکی دیکەی وشکبوونی تاڵاوەکەش بەنداوی حەسەنلوویە، پشکە ئاوەکەی نادەنێ. ئەگەر چۆم هەیە نادەنێ و لە کاتی خۆیدا پڕی ناکەنەوە، دواتریش ئاو نامێنێ. زیانەکەشی زۆرە،بۆ مەڕوماڵات، بۆ دەعبا، بۆ ژینگە و هەموو شتێک زیانی هەیە."
 
سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوی تاڵاوەکە رووباری گادەرە کە ئەم ساڵ بەهۆی ئەو وشکەساڵییە سەختەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، وشک بوو. بە وشکبوونی گادەر، ئەو ئاوە کەمەی لە تاڵاوەکەدا مابوو بووە هەڵم.
 
لە چەند ساڵی رابردوودا بۆ پاراستنی تاڵاوەکە، ئاو لە بەنداوی حەسەنلووی نەغەدەوە بۆ راکێشرا، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە ئەو ئاوەشی بۆ نەهات.
 
جەعفەر دودکانلوو، هاونیشتمانیی نەغەدە دەڵێت: "لەوەتەی چاوم کردووەتەوە لێرە هەر ئاوی تێیدا هەبووە، هەر ئاوی لێ بووە و ژینگەیەکی جوانی هەبووە. بەڵام ئیستا دەبینن کە وشک بووە. ئەوەتا دوێنێ ئاگریان تێبەرداوە، بڕوا بکەن گیانم دێشێ. پەناگەی دەعبا و چەندین جۆری گیانلەبەرە، ئێستا کە ئەو کارەیان کردووە، بەش بە حاڵی خووم زۆر پێ قەڵسم. ئینجا پشتیوان بە خودا نابێ شتی وا بکرێ، پێویستە چاودێری بکرێ و بەرپرسان ئاگایان لەم تاڵاوە بێت."
 
رووبەری تاڵاوی دوورگە سەنگی زیاتر لە 735 هێکتارە و زیاتر لە 12 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت.
 
تاڵاوەکە شوێنی ژیان و مانەوەی زیاتر لە 130 جۆر باڵندەی کۆچەر و خۆماڵییە. ساڵانە لە هەردوو وەرزی بەهار و پاییز بە هەزاران باڵندەی کۆچەری سەردانی تاڵاوەکە دەکەن. 
 
ئیدریس وەهابی، بەرپرسی ئەنجوومەنی نۆژین سەوزی نەغەدە دەڵێت: "زیاتر لە 130 جۆر باڵندەی کۆچەر و خۆماڵی لەو تاڵاوەدا ژیانیان بەسەردەبرد. هەروەها گیانلەبەرانی وەکو، گورگ، بەراز ، رێوی و چەقەڵ لەو ناوچەیە دەژین... کەمبوونی بەفر و باران و تەرخانکردنی پشکی ئاوی تاڵاوەکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ناوچەکە بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە تاڵاوەکە بگاتە ئەم دۆخەی ئێستا."
 
لە پارێزگای ورمێ 40 تاڵاو هەن کە 13یان هەمیشەیی و 27یان وەرزین. هەروەها شەش تاڵاویش لەو پارێزگایە نێودەوڵەتین، کە بەپێی پرۆتۆکوڵە نێودەوڵەتییەکان دەبێ بپارێزرێن.
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی نەغەدە، ئەم ساڵ جگە لە تاڵاوی دوورگە سەنگی، دوو تاڵاوی دیکەش بە ناوەکانی تاڵقان و یادگارلوو بە تەواوی وشک بوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە