لە دهۆک هێشتا مەلەوانگە و هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان نەکراونەتەوە

04-12-2020
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
مەلەوانگەیەکی دهۆک. وێنە: رووداو
مەلەوانگەیەکی دهۆک. وێنە: رووداو
نیشانەکردن مەلەوانگە هۆڵی ئاهەنگگێڕان
A+ A-
 
رووداو - دهۆک

لە مانگی ئازارەوە مەلەوانگەکانی دهۆک بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا داخراون، بەو هۆیەشەوە 112 کرێکاری مەلەوانگەکان بێکار بوون و ئەو زیانە داراییەش کە لەو ماوەیەدا بەر مەلەوانگەکان کەوتووە، بە نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
 
مەنهەل خالید، پزیشکی چارەسەریی سرووشتییە، دەڵێت، رۆژانە خەڵک لەڕێگەی مەلەوانییەوە چارەسەر دەکەن، بەڵام هەشت مانگە رێکارەکان رێگرن لە کارەکەی و زیانی ماددیش بووەتە بارگرانی بۆیان.
 
لە دهۆک 10 مەلەوانگە هەن و زیانەکانی هەشت مانگی رابردوویان بە ملیۆنێک و 200 هەزار دۆلار خەمڵێندراوە.
 
ئەحمەد محەممەد ژمێریاری مەلەوانگەیە و دەڵێت، زیانی ماددی زۆرە و لەو ماوەی رابردوودا 200 بۆ 300 هەزار دۆلار زیانیان پێگەیشتووە، دەشڵێت "لەڕێگەی قایمقام و پارێزگارەوە هەوڵی زۆریان داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی ئەرێنی نەبووە. لە سلێمانی و هەولێر مەلەوانگەکان کراونەتەوە و تەنیا دهۆک ماوە و نازانم هۆکارەکەی چییە".
 
جگە لە مەلەوانگەکان، لە دهۆک زیاتر لە 40 هۆڵی ئاهەنگگێڕان هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگە بە ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە هەشت مانگی رابردوودا زیانی چوار ملیۆن دۆلار بەر ئەو هۆڵانەی ئاهەنگگێڕان کەوتوون و زیاتر لە هەزار کرێکاریش بێکار بوون. بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ژووری ئۆپەراسیۆنی دهۆک بڕیار لەبارەی کردنەوەیانەوە بدات.
 
جەهوەر عەلی، قایمقامی قەزای دهۆک دەڵێت، لەبەر ئەوە رێگەیان بە کردنەوەی مەلەوانگەکان نەداوە، چونکە بە مەترسیی دەزانن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. جەهوەر عەلی ئاماژە بەوەش دەکات کە داواکاریی خاوەن مەلەوانگەکان دەگەیێنێتە ژووری ئۆپەراسیۆنی دهۆک، چونکە دەبێت ئەوان رەزامەندی لەسەر ئەو بابەتە بدەن.
 
لە 18ی ئازاری 2020 قەدەخەی هاتووچۆ لە پارێزگای دهۆک راگەیێندرا، تاوەکو ئێستاش بە چەندین قۆناخی جیاواز، زیاتر لە 95%ی سێکتەرەکانی ژیان ئاسایی بوونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە