رووداو دیجتاڵ
لە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، ژمارەیەک گۆڕی کریستیانەکان هەڵدراونەتەوە، ئەوەش ناڕەزایی بەشێکی هاونیشتمانیان و کریستیانەکانی لێکەوتووتەوە. حکومەتیش سەرکۆنەی ئەو کارە دەکات.
هاونیشتمانییەکی کریستیان لە قەزای کۆیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ ناردنی وێنەی گۆڕە شێوێندراوەکاندا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لە گوندی هەرمۆتەی کۆیە دوو گۆڕستانمان هەیە، یەکێکیان نوێ و ئەوی دیکە کۆن، ئەوانەی تێکدراون لە کۆنەکانن".
هەر ئەمڕۆ د. هاوژین سلێوە، مامۆستای زانکۆی کۆیە و کەسایەتی کریستیان لە سنوورەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژمارەیەکی زۆر گۆڕ تێکدراون، هەندێکیان بە چەکوش و ئامێری دیکە شکێندراون و هەندێکیشیان هەڵدراونەتەوە".
د. هاوژین سلێوە گوتی: "کارەکە لە کاری گرووپ دەچێ، پێدەچێت شەوی رابردوو ئەوە کرابێ، کە تاوەکو ئێستا نازانین کێ بووە و بۆ ئەوەی کردووە".
ئەو مامۆستایەی زانکۆی کۆیە ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی کریستیانەکانی کۆیە لەسەر گۆڕستانەکە وەکو ناڕەزاییەک کۆبوونەتەوە. گوتیشی: "لە مێژووی باب و باپیرانیشمان لە سنووری کۆیە کاری بەم شێوەیە نەکراوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێزێکی ئەمنیی چوونەتە سەر گۆڕستانەکە و لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران دەستپێکردووە.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە لەو بارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو کارە نابەجێ و تێکدەرانە دەکەین کە لە قەزای کۆیە دژی چەند گۆڕێکی خوشک و برا کریستیانەکان کراوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "ئەم کردەوەیە، بە هەموو شێوەیەک شەرمەزار دەکەین و داواش لە دامودەزگاکانی حکومەت دەکەین کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە گۆڕستانەکە لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ