رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ستایشی هەنگاوەکەی ئیسپانیای کرد بۆ گەڕاندنەوەی ژن و منداڵێک لە کەمپی رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان و سوپاسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی کرد بۆ ئاسانکارییەکانیان.
واشنتن رایگەیاند، تاکە چارەسەری بەردەوام بۆ قەیرانەکە، گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانە و هۆشداریی دا لەوەی هێشتا نزیکەی 11,600 بیانی کە زۆربەیان منداڵن، لە کەمپەکانی هۆل و رۆژدا ماونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2025 نووسینگەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بە یارمەتیی حکومەتی ئەمریکا، ئیسپانیا رۆژی سێشەممە 25ـی تشرینی دووەم، ژن و منداڵێکی لە کەمپی رۆژ لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گەڕاندووەتەوە.
راگەیێندراوەکە هۆشدارییەکی تووندی لەبارەی مەترسیی مانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی بیانییەکان لە کەمپەکاندا دا و چەندین ئاماری گرنگی خستەڕوو:
- نزیکەی 11,600 کەس لە زیاتر لە 70 وڵاتی جیهانەوە هێشتا لە کەمپەکانی هۆل و رۆژدا ماونەتەوە.
- زۆربەی زۆری ئەم کەسانە منداڵن و تەمەنیان لە خوار 12 ساڵەوەیە.
- لە کۆی گشتی، نزیکەی 3,700 کەسیان هاووڵاتیی زیاتر لە 30 وڵاتی جیاوازی ئەورووپین.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، "تاکە چارەسەری بەردەوام بۆ ئاڵنگارییە مرۆیی و ئەمنییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەوەیە کە وڵاتانی رەسەن هاووڵاتییەکانیان بگەڕێننەوە، بیانشێننەوە، تێکەڵیان بکەنەوە و دڵنیابنەوە لەوەی، دەبنەوە لەسەر کردەوەکانی رابردوویان رووبەڕووی لێپرسینەوە."
واشنتن رایگەیاند، بەم کارە، "مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکەدا کەم دەبێتەوە و دەتوانرێت داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ سووریا دابین بکرێت."
لە کۆتاییدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوپاسی ئیسپانیای کرد و پێزانینی خۆی بۆ "هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ، هاوبەشە خۆجێیەکانمان،" دەربڕی بۆ یارمەتییان لە ئاسانکردنی ئەم گەڕاندنەوەیە و بۆ پابەندبوونیان بە دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی بەردەوامی داعش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ