رووداو دیجیتاڵ
پێشمەرگەیەک کە لە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجانی هەولێر بریندار بوو بوو، گیانی لە دەستدا، کەسێکی نزیکی بە رووداوی گوت: "بۆ پاراستنی ناوچەکە چووەتە ئەوێ و لە کاتی گرژییەکاندا بە سەختی بریندار بووە."
ئەو پێشمەرگەیە ناوی ئارمان سەنار رەشید درییە، تەمەنی 21 ساڵە، دانیشتووی قەزای سۆرانە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت: "ئارمان وەکو پێشمەرگەیەک لە سنوورەکە لە ئەرکدا بوو، لە ئاڵۆزییەکاندا بریندار کرا و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا".
هەروەها موقەدەم سالار تەحسین دری، بەرپرسی بەشی نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی حاجی ئۆمەران و خاڵی ئەو پێشمەرگەیە بە رووداوی گوت: "ئارمان لە ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجانی سەر بە قەزای خەبات، بریندار بووبوو، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا."
بە گوتەی سالار تەحسین دری، خوشکەزاکەی چوار رۆژ لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر مایەوە و ئەم بەرەبەیانە گیانی لەدەستداوە.
خاڵی ئارمان گوتی: "ئارمان پێشمەرگە بووە و لەگەڵ هێزەکانی زێرەڤانی چووە گوندەکە بپارێزێت؛ گوللەیەک بەر گورچیلەی کەوتووە؛ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە."
جگە لەو پێشمەرگەیە، هاونیشتمانییەکیش بەناوی عیرفان بەرزنجی، کە شوفێری بارهەڵگر بوو، لە یەکەم رۆژی ئاڵۆزییەکان لە گوندی لاجان گوللەی بەرکەوت و گیانی لەدەست دا.
شەوی دووشەممە، 1-12-2025، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو: "کۆمەڵێک کەسی هاندراو هەوڵی کردەوەی ئاژاوەگێڕی، تەقە و سووتاندنی شوێنە گشتی و فەرمییەکانیان لە قەزای خەبات دا، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی هێمنانە کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ