کوردستان
خۆپێشاندەران وێنەی بارمتەیەکیان بەرزکردووەتەوە کە هێشتا تەمەکەی نەگەڕاوەتەوە. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، تەرمی بارمتەیەکی دیکە لە غەززە ناسراوەتەوە کە هاووڵاتییەکی تایلەندییە. ئەمەش وەکو بەشێک لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدا دێت، کە ناسینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانییەکان بە یەکێک لە قۆناخە هەستیارەکانی دادەنرێت.
ناسینەوەی ئەم تەرمە لە کاتێکدایە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بەدەستهاتووە، رووبەڕووی ناسەقامگیری بووەتەوە و هەردوولا بەردەوام یەکدی بە پێشێلکردنی مەرجەکانی تۆمەتبار دەکەن، ئەمەش مەترسیی لەسەر بەردەوامبوونی ئاگربەستەکە دروستکردووە.
لە کاتێکدا حەماس وەکو بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو بارمتە زیندووانەی ئازاد کرد کە لە کەرتی غەززە دەستبەسەری کردبوون، پرۆسەی گەڕاندنەوە و ناسینەوەی تەرمەکان بەهۆی ئاڵۆزییەکانییەوە درێژەی کێشاوە و چاوەڕوانییەکی زۆری بۆ خێزانەکان دروستکردووە.
سوپای ئیسرائیل، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوای تەواوبوونی پرۆسەیەکی وردی ناسینەوەی پزیشکیی دادوەری، نوێنەرانی سوپای ئیسرائیل، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، خێزانی سودیساک رینسالاکیان ئاگادار کردەوە، کە تەرمەکەی گەڕێندراوەتەوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپا، سودیساک رینسالاک، لە کاتی گیانلەدەستدانیدا تەمەنی 42 ساڵ بووە و وەکو کرێکار لە کەرتی کشتوکاڵی ئیسرائیلدا کاری کردووە، لە رۆژی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 کوژراوە و تەرمەکەی لەلایەن حەماسەوە براوەتە کەرتی غەززە.
بەگوێرەی قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە کە لەلایەن واشنتنەوە نێوەندگیریی بۆ کراوە، چەکدارە فەلەستینییەکان 20 بارمتەی زیندوویان رادەستکردووەتەوە و تاوەکو ئێستا تەرمی 27 لە کۆی 28 بارمتەی مردوویان رادەستکردووەتەوە، کە زۆربەیان کرێکاری بیانی بوون.
دوایین بارمتەی مردوو کە ماوەتەوە رادەستبکرێتەوە، هاووڵاتییەکی ئیسرائیلییە و چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی داهاتووی رێککەوتنەکەدا تەرمەکەی بگەڕێندرێتەوە.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل نزیکەی 2000 زیندانیی فەلەستینی ئازاد کردووە، هەروەها تەرمی سەدان فەلەستینیی رادەست کردووەتەوە.
چەکدارەکانی حەماس و گرووپەکانی دیکە، لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـدا بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، 251 کەسیان بە بارمتە گرت، ئەم رووداوە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی وێرانکەر و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل، بووە هۆی کوژرانی 1221 کەس.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە باوەڕپێکراوی دەزانن، هێرشی بەرفراوان و تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 70117 کەس، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ