رووداو دیجیتاڵ
بۆ گەیاندنی دوو سایدی هەولێر - کۆیە بە شەقامی 60 مەتریی کۆیە، 117 ملیار دیناری دیکە تەرخانکرا. پارێزگار دەڵێت: "پێش وادەی خۆی تەواو دەبێت".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەکە پێشتر 560 ملیاری بۆ تەرخانکرابوو، ئێستا 117ـی دیکە تەرخانکراوە بۆ تەواوکردنی قۆناخێکی رێگەکە".
پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "بە جێبەجێكردنی ئەو قۆناخە، رێگاکە دەگاتە نێو شاری کۆیە و دەبەسترێتەوە بە شەقامی 60 مەتریی شارەكەوە".
کارکردن لە پڕۆژەی دوو سایدی هەولێر - کۆیە چڕکراوەتەوە. ئومێد خۆشناو گوتی: "بەگوێرەی چڕکردنەوەی کارەکان، پێش وادەی خۆی تەواو دەکرێت".
درێژیی رێگەکە 36.8 کیلۆمەترە و کارکردن تێیدا گەیشتووە بە نزیکەی 30٪ و بەشێکیشی قیر کراوە.
بەگوێرەی ئەندازیارانی پڕۆژەکە بۆ رووداو، لە پڕۆژەکەدا بە چڕی کار دەکرێت کە بە سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی کار لە رێگەی هەولێر و کۆیەدا دەکەن، ژمارەی کارمەند و کرێکارەکانیان دەگاتە 1500 کەس.
بۆ تەواوبوونی دووسایدەکە 1275 رۆژ دیاریکراوە، بەڵام وێڕای سەختیی رێگەکە، کۆمپانیای جێبەجێکار و حکومەت دەڵێن، پێش وادەی دیاریکراو تەواو دەکرێت.
رۆژی 10-10-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەکەی دانا و رایگەیاند: "شۆڕشی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری" دەگەیێننە هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ