رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی دەڵێت، چاکسازیی سەرەکی لە کەرتی بانکیدا دەکرێت. دەشڵێت، کارەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 04-12-2025 لە سلێمانی پانێلێکی تایبەت بە رۆڵی بانکەکان بەڕێوەچوو. د. ماكوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی بە نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئەمڕۆ رۆژی بانکە و لە پانێلەکەدا رۆڵی بانک لە گەشەپێدانی ئابووری، بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و پێگەی کەرتەکە لە ئێستا و داهاتوودا تاوتوێ دەکرێ''.
بەگوتەی ماکوان جەمیل، کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان لە چاکسازییەکی سەرەکی دایە ''کە بەرەو بانکی نیشتمان دەڕۆین، هیوادارم ئەمڕۆ بانکی نیشتمان پێگە نێودەوڵەتییەکەی خۆی بەدەست بهێنێت کە لە ساڵانی داهاتوودا دەست بە کارەکانی دەکات.''
بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، چاکسازییەکانی کەرتی بانکی، لەژێر چاودێریی وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن، ''تاوەکو دەگەینە ئەو قۆناخەی کە ئێمەش وەک بانکێک لە بانکەکانی جیهان، رۆڵ و کاریگەریی تەواومان لە پڕۆسەی ئابووریدا دەبێ.''
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2023ـەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کار لەسەر دامەزراندنی بانکی نیشتمان دەکات کە سەرمایەکەی زیاتر لە 250 ملیار دینارە و وەک بانکێکى حکومى مامەڵەى لەگەڵ دەکرێ.
ماکوان جەمیل ئاماژەی بە هەنگاوەکانی پڕۆسەی دامەزراندنی بانکی نیشتمان کرد لە هەرێمی کوردستان و گوتی، ''لیژنەکانی پێکهاتوون. لە وەزارەت و ئەنجوومەنی وەزیران راستەوخۆ سەرپەرشتیی کارەکانی دەکرێ و دڵنیام کە کاروبارەکەی بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچن''.
بانکی نیشتمان لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023 مۆڵەتی کارکردنی وەرگرتووە. بەپێی یاسا، دوو ساڵی لەبەردەستە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی. هەروەها لە 15-07-2025 دەستەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکەکە کە لە 9 کەس پێکدێت، دامەزراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ